کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی ئازادیی کوردستان ـ باکوور: پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەترسانە بوو

21:06 - 10 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان ـ باکوور، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە بارەی باردۆخی کوردستان و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان وتووێژیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان ـ باکوور بە سەرپەرەستیی مستەفا ئوزچیلیک سەرۆکی ئەو پارتە، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسیی و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێ کرا.

لەو دانیشتنەدا مستەفا ئوزچیلیک باسی ئەوەی کرد، سەردانەکەمان بە مەبەستی پرسی ڕێفراندومی باشووری کوردستانە و هەروەها باسێک لەسەر ڕەوشی باشووری کوردستان لە پێوەندی بە پرسی ڕێفراندومی سەربەخۆیی کوردستانە.

ئوزچیلیک، هەروەها باسی ئەوەی کرد، ئێمە و پارتی سووسیالیستی باکوور و پارتی دێموکراتی باکوور کۆمەڵێک کۆڕ و کۆبوونەوەمان بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندوم بەڕێوە برد و کەسایەتییە سیاسییە کوردەکان، هەندێک لە پارلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی حکوومەتیش لەم پرۆسەیە پشتیوانییان کرد. لەگەڵ ئەوە شەڕی خەندەقەکان شوێندانەری نەرێنی لەسەر بەشێک لە خەڵک بوو، بەگشتی ڕای گشتیی کورد لەگەڵ ڕێفراندۆم بوو؛ هەروەها ئوزچیلیک گوتی: دەوری خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان زۆر باش و پشتیوانییەکی گرینگ و نەترسانە بوو.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوشی ئێران، هەڵویستی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشوازی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، مستەفا هیجری باسیکی سیاسیی پێشکەش کرد و باسی ئەوەی کرد وێڕای دوژمنایەتی ئاشکرای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پرسی ڕێفراندوم، گەلی خۆرهەڵاتی کوردستان بوێرانە هاتنە سەر شەقامەکان و پشتیوانی خۆیان لە پرسی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی باشوور دەربڕی و بە کردەوە نیشانیان دا گوشاری ڕێژیم و پیلانی نەیارانی کورد ناتوانێ پێش به کاروانی خەباتی گەلەکەمان بگرێ.

هەروەها هیجری گوتی: پرسی ڕێفراندۆم لە زۆر بارەوە خاڵی ئەرێنی بوو و یەک ئیرادەیی و یەک گوتاری کوردیان بە کۆمەڵگای جیهان نیشان دا.

دوای ئەو باسە، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وڵامی کۆمەڵێک پرسیاری پێوەندیدار بەم بابەتە، کە لە لایەن هاوڕێیانی پارتی ئازادییەوە هاتە ئاراوە، دایەوە.