کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی عێراق، لە کوردستان جێگیر بوون

14:14 - 11 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و هێزەکانی سپای عێراق لە کوردستان جێگیر کران و مانۆڕی هاوبەشیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ‌هێزەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سەربازیی له کوردستانی ڕۆژهەڵات جێگیر بوون.

هەواڵنێری کوردستنان میدیا، لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: ‌هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە تانک و چەکی قورسەوە چوونە ناو شاری پیرانشار و له سنوورەکانی ئەم شارە و باشووری کوردستان جێگیر بوون.

بە وتەی شایەتحاڵێک هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و سپای عێراق، بە چەکوچۆڵە نیزامییەکانیانەوە لە ناو شاری پیرانشاردا گەڕاون و حاڵ و هەوایەکی ترسناکیان لە شاردا دروست کردووە.

هەروەها هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: سپای پاسدارانی ڕێژیم چەکوچۆڵە نیزامییەکانی لە شاری ئیسفەهانەوە بۆ سنووری باشماخ هێنابوو.

بۆ یەکەم جارە کە ڕێژیمی ئێران و عێراق بە هاوبەشی مانۆڕی سەربازیی بەڕێوە دەبەن. فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن: ئەم مانۆڕانە بۆ جێگیر کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە گومرێکەکان و پاراستنی یەکپارچەی عێراقە.

سپای پاسدارانی ڕێژیم گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە نایاسایی دەزانێت و جەخت لە یەکپارچەیی عێراق دەکاتەوە.

هەروەها دەگوترێت کە بازاڕچەکانی تەمرچین، پەرویزخان و باشماخ داخراون و هاوردە و هەناردە کردن لەم سنوورانە ئەنجام نادرێت.

دوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەواڵگەلێک سەبارەت بە داخرانی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و عێراق بڵاو کرایەوە.

حکوومەتی ئامریکا هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران و عێراق سەبارەت بە ئەنجام دانی هەر کردەوەیەکی نیزامی هاوبەش دژی هەرێمی کوردستان دا.

هێمن هەورامی، سەبارەت بە مانۆڕە نیزامییەکانی ئێران و تورکیە و عێراق کە بڕیارە لە سەر سنوورە دەستکردەکانی ئەم وڵاتانە بەڕێوە بچێت وتی: ئێران و تورکیە و عێراق لە ناو وڵاتەکانی خۆیان خۆنواندنی سەربازیی یان هەر کارێك بەڕێوە دەبەن با بیکەن کەیفی خۆیانە، بەڵام تەنیا یەک بست بێنە ناو خاکی کوردستانەوە، ئەوا بەبێ ‌وڵام نابێت، ئێمە گیان دەدەین بەڵام ناهێڵین ئیرادەی خەڵکەکەمان بشکێت، چونکە ئەم کارەی کە دەکرێت بۆ شکاندنی ئێرادەی پاش ڕێفراندۆمە.