کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی پاکستان دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات

15:18 - 11 رەزبەر 2717

عومەر ئیزەدخواه

پێتان سەیرنەبێت کە وڵاتێکی وەک پاکستان لە باشوری رۆژئاوای ئاسیاوە کە هیچ سنورێکی لەگەڵ خاکی هیچ کام لە پارچەکانی کوردستان نییە و هەروەها بێ بوونی هیچ پەیوەندی و بەریەک‌کەوتنێکی سیاسی و ئابووری و هتد ، ئاوا بە تەنگەتاوی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامەکانی رێفراندۆمی باشوری کوردستان رادەگەیەنێت.

لە راستیدا ئەوەی بەوشێوەیە پاڵ بە حکومەتی پاکستانەوە دەنێ کە دژایەتی خۆی بۆ پرسێکی ئاوا دەرببڕێت، کە پرسێکە پەیوەندی هەیە بە مافی گەلێکی بێ دەوڵەت کە بەپێی جاڕنامە و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەر گەلێک مافی بڕیاردان لە چارەنوسی خۆی هەیە و ڕاپرسی بۆ چارەنوسی گەلێک ئەوپەڕی پرەنسیپێکی دێموکراتیکە و تەریبە بە ڕێڕەوێکی ژیاری و ئاراستەیەکی مرۆیی، ئەو پرسەی کە پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی گەلێکی ستەمدیدە کە سەدان ساڵە خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانەوەی سەروەری سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی، ئەوا بریتییە لە ئەقڵیەتی شۆڤێنیزمی-دیکتاتۆری-تۆتالیتاری گروپی دەسەڵاتداری و رێژیمی پاکستان، کە ئەوەش بەرجەستە بووە لە کۆی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی حکومەتی پاکستان.

شۆڤێنیزمی ڕێژیمی پاکستان دەگەڕێتەوە بۆ لە بن پێنانی ماف و ئازادی پێکهاتە جۆربەجۆرەکانی لە نەتەوە و ئایینەکان، پاکستان وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و دیارترین کێشەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لەوبارەوە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی بەناوبانگی ( مافی چارەی بەلوچەکان ) کە بەلوچەکان نەتەوەیەکن بەپێی سەرچاوە مێژوویەکانیش پەیوەندی دۆستانە و برایانەی توندوتۆڵیان بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ کورد بووە، لەلایەکی ترەوە هەڵکەوتەی جوغرافیایی بەلوچ کە دابەشکراون بەسەر وڵاتانی ( ئێران ، پاکستان ، ئەفغانستان) وایکردووە چارەنوسی بەلوچ لە ئێراندا ببێتە پرسێک کە پەیوەست بێت بە پرسی کورد لە ئێران چارەنوسێک گرێیداون ، بەشی گەورەی خاکی بەلوچستان لە ئێستادا دەکەوێتە ناو سنوری وڵاتی پاکستانەوە، هەرچەند بەلوچەکانی پاکستان خاوەنی حکومەتی هەرێمی خۆیانن لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی پاکستانیدا، بەڵام لەو حاڵەشدا دژایەتییەکی گەورەی ڕێژیمی پاکستان بۆ ئەو هەرێمە هەیە، لێرەدا دەتوانین وەک وەبیرهێنانەوەیەک ئاماژە بدەین بەوەی کە لەو ساڵانەی دواییدا کێشە و پێکدادان هەبوو لەنێوان گەلی بەلوچ و حکومەتی فیدڕاڵی پاکستان.

به‌لوچه‌کانی پاکستان له‌ ساڵی ١٩٧٣-١٩٧٧ بزاوتێکیان به‌رپاکرد که‌ زیاتر له‌ نۆ هه‌زار که‌سی تێدا کوژرا و یەکێکی دیکە لەو سەرهەڵدانە دیارانەی ئەو دواییانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک بەلوچستانی پاکستان به‌ به‌رد و دار، رووبه‌ڕووی سوپای پاکستانی بوونەوەوە و ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکی به‌لوچستان یه‌کەم جاریان نەبووە‌ بۆ مافه‌کانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕن، به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی ئەوکاتە دوای کوشتنی سەر‌کردەی چەکدارەکانی به‌لوچستان، ( نه‌واب ئه‌کبه‌رخانی بوگتی ) ته‌مه‌ن حەفتاو نۆ ساڵ‌‌، که‌ ڕۆژی شه‌مه‌ ٢٩/٨/ ٢٠٠٦ له‌ هێرشێکی سوپای پاکستاندا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ چەکدارەکان گیانیان له‌ده‌ست دا، ئه‌کبه‌رخانی ، که‌سێکی خوێنده‌وار و ده‌رچووی زانستگای ئۆکسفۆرد بوو له‌ به‌ریتانیا و له‌ په‌نجاکانه‌وه‌ وه‌کوو چالاکڤانێکی سیاسی بۆ مافه‌کانی گه‌لی به‌لوچ تێکۆشاوه، ماوه‌یه‌ک وه‌زیر و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ش بووه‌، به‌ڵام له‌ کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ سه‌رکردایه‌تی ده‌سته‌یه‌ک چەکداری به‌لوچی به‌ ناوی ( سوپای رزگاریخوازی به‌لوچ ) گرته‌ ده‌ست، یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانەکان و بنپێنانی مافی بەلوچەکان بریتییە لە دابەش نەکردنی دادپەروەرانەی داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان بەسەر هاووڵاتییانی بەلوچ کە لە کاتێکدا لە ٤٥% گازی سروشتی پاکستان له‌ به‌لوچستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، لێرەدا دەتوانین پرسی هەرێمی بەلوچستانی پاکستان بەراورد بکەین بە پرسی هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک سەروەت و سامانێکی گەورە لە هەردوو هەرێمەکەدا هەیە و ڕێژیمی سەرکوتکار و شۆڤێنیزیمی وڵاتانی عێراق و پاکستان سیاسەتێکی نادادپەروەرانە و نا مرۆییانە پەیڕەو دەکەن.

بوونی پرسی بەلوچ لە پاکستان و خواستی ئەو گەلە بۆ دژوەستانەوەی سیاسەتە شۆڤێنیزمەکانی ڕێژیمی پاکستان لەلایەک بەهۆی مەترسی ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کە پرسی کورد لە ناوچەکە بۆسەر رێژیمە شۆڤێنیزمەکان دەیبێت و لە لایەکی دیکەوە بوونی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و هاوکاری نێوان ڕێژیمی شۆڤێنیزمی پاکستان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵێک بەرژەوەندی زۆری هاوبەش، پاڵی بە حکومەتی پاکستانەوە ناوە تاکوو ئەمڕۆ دژایەتی خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان رابگەیەنێت.

لەو پەراوێزەشدا دەمهەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە بگەڕێینەوە بۆ کێشە و ململانێکانی یەمەن لە ساڵی پار و پێراردا ، کە بەشدارنەبوونی کارای پاکستان لە هاوپەیمانی ئەلحەزم بە سەرۆکایەتی سعودیە دژی حوسییەکان و بزاوتی بەرهەڵستکارانی یەمەنی هەرچەند پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و مێژوویی لەگەڵ وڵاتی سعودیەدا هەیە ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار لەوانەش:

*- بوونی رێژەی بەرزی شیعە لەو وڵاتە کە ڕێژەیان زۆرە و نزیکەی ٢٠% لە کۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدێنن و کاریگەرن بە ئێران.

*- هۆکارێکی تری گرنگ بریتییە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی پاکستان لەگەڵ ئێران و بەتایبەتیش کەیسی پەیوەندیدار بە قەیرانی کارەبا لە پاکستان، جگە لەوەش پاکستان پشت دەبەستێت بە گازی سروشتی ئێران.

*- بزاوتی رزگاریخوازی بەلوچەکان و چالاکییەکانیان لە هەردوو وڵاتی پاکستان و ئێران.

*-بوونی هاوکاری سەربازی و هەواڵگری و ( هاوکاریان لە دامەکردن بە گروپە تیرۆریستیەکان ).

هەربۆیە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان دوو ڕێژیمی شۆڤێنیزمی ئێران و پاکستانیدا هەیە بەجۆرێک کە گەورەترین رەنگدانەوەی لە ئاستی پەیوەندی و هەڵسوکەوتەکانی ئەو وڵاتانە لە ئاستی دەرەوە هەبووە.

هەروەها پێویستە بوترێت کە ( مەحەمەد جەواد زەریف ) وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی تاران لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە پێشوازی باڵوێزی پاکستان ( نور محمد جادمانی ) لە وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی ستراتیژی و متمانەپێکراویان هەیە.

سەرباری هەموو ئەوانە پێویستە سەرنج بدەینە ئەو رێککەوتن و پڕۆسە هاوبەشانەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەڕێوە دەچێت و تێیدا هاوکاری یەکتری دەکەن، لەوانەش رێککەوتن و لێژنە هاوبەشەکانی نێوان پاکستان و ئێران:

لێژنەی وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە سڕکەرەکان و کۆچی نایاسایی و کۆنترۆڵی سنوورەکان.

لێژنەی هاوبەش بۆ زەبت و رەبتی ئەمنی سنوورەکان لە ئاستێکی بەرزی وەزاری.

لێژنەی هاوبەشی باشترکردنی هاوکاری دوولایەنەی بەرگری.

لێژنەی وەزاری هاوبەشی باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان.

رێککەوتنی بازرگانی تایبەتی.

کۆمپانیای پاکستانی – ئێرانی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنان.

رێککەوتنی رۆشنبیری لە نێوان پاکستان و ئێران.

رێککەوتنی هێڵی گواستنەوەی گاز.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.