کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە تێکدانی دۆخی باشووری کوردستان

15:29 - 11 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئامادەیی دەربڕینی هەولێر و پیداگری لایەنە ڕۆژئاواییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە شێواندنی ئەم دۆخە.

پاش نێونجیگەری چەندین لایەنی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی سیاسیی باشوری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی خۆی بۆ دانوستانی بێمەرج لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند؛ بەڵام لەبەرامبەردا ڕێژیمی تاران بەردەوام هەوڵ دەدات کە کێشەکان قووڵتر بکات.

لە نوێترین هەوڵی لەم چەشنە، سەرۆکی شۆرای بەرزی ئەمنیەتی ڕێژیم، عەلی شەمخانی پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنراڵ حەلوسی ئاکار سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی تورکیە باسی لەوە کردووە کە دەبێ پێش بە کاریگەری و باندۆڕەکانی ڕێفراندۆم بگرین.

ناوبراو کە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشوور بە هەوڵێکی خۆسەرانەی ناو دەبات و بە کارێکی نەشیاو و نابەرپرسانە وەسفی دەکات وتوویەتی: ئەم هەوڵەی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچە.

لە درێژەی بێ‌ڕێزییەکانیشیدا بەرامبەر بە ئیرادەی گەلی کورد لەم پارچەی نیشتمان، هەوڵ دەدات گشتپرسی ببەستێتەوە بە لایەنە بیانییەکان و بۆ پەلهاویشتنی زیاتری تێرۆریزم.

ئەم قسانەی ناوبراو لەکاتێکدان کە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی بە سەرەکیترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان ناسراوە کە جگە لە داڵدەدانی تێرۆریستانی وەک ئەلقاعیدە و داعش، دنەی لق‌وپۆپەکانی خۆی دەدات بۆ ناسەقامگیرکردنی زیاتری ناوچە.

لە هەوڵێکی کردەیی دیکەشدا ڕێژیم دەستی بە یارییەکی مەترسیدار کردووە کە، وەک پیشە و پیلانی هەمیشەیی هەنگاوەکانی ڕاستەوخۆ خۆی ئەنجامیان نادات و بە ئەکتەرە خاوە ناوچەییەکان جێبەجێیان دەکات.

ئەمجارە سوپای تیرۆریست و حەشدی شەعبیی (لقی سوپای پاسداران لە عێراق)ی بۆ دژایەتیی کورد لەناو خاکی ڕۆژهەڵاتەوە بەکار هێناوە، جیاوازییەکە لەوە دایە، ئەوەیە کە شوێنی یارییەکەی لەناو خاکی کوردستانە وەک شڕۆڤەکارانیش دەڵێن هەر ئەم خاڵە جەوهەرییە دەبێتە هۆکاری دۆڕانی ڕێژیم و شکستی پیلانەکەیان.