کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەتیی بوونی کێشەکانی ئێران لە بەرنامەکانی مووساددا

21:06 - 11 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران بە دژی ئیسرائیل و هەڕەشە کردن لەم وڵاتە، ڕێژیمی ئێرانی لە بەرنامە سەرەتییەکانی ڕێکخراوی مووساد دانا.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، یووسی کوهەن ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی رەزبەر، لە کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی ئەندامانی مووساد و بنیامین ناتانیاهوو، سەبارەت بە مەترسیی نزیک بوونەوەی ئێران بە سنوورەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە لە هەوڵ دایە بە پێکهێنانی گرووپی تێرۆریستی و پاڵپشتی کردن لە گرووپە چەکدارەکان، دەسەڵاتی نامرۆڤانەی خۆی پەرەی پێ بدات و زیاتر لە پێشوو خۆی بە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک بکاتەوە.

بە وتەی یووسی کوهەن بەرپرسی مووساد، چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنان و پاڵپشتی کردن لە حەماس بۆ مەترسی دروست کردن لە سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل، لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە نزیک بوونەتەوە، بەڵام مووساد بۆ بەرگریی کردن لە جموجووڵەکانی ڕێژیمی ئێران لەو پەڕی ئامادەیی دایە.

یووسی کوهەن، ئاماژەی بەوە کردووە، کە کردەوە ئاژاوەگێرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەیە، کە بەرنامەی ناوکیی خۆی بەهێز بکات و زەبری قورس لە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە جیهان بدات.

رێژیم ئێران لە دووهەمین مانۆڕی نیزامیی، مووشەکی دوورهاوێژی تاقی کردەوە و بە مووشەکی ئیسرائیل پێک ناوی لێ برد و هەڕەشەی لەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کردووە.

یووسی کوهەن، لە درێژەی باسەکانی زیادی کردووە، کە هێزەکانی ئیسرائیل لە دزە کردن بۆ نێو داخراوەترین و مەترسیدارترین سیستمەکان توانای تایبەتیان هەیە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ڕێکخراوی مووساد بەرنامەیەکی چەند ساڵەی هەیە و بە ئامانجی چڕبوونەوە لە سەر ئەمنییەتی سیاسیی و نەتەوەیی ئیسرائیل بە ئامادەیی تەواوەوە لە چالاکی دان.

لەم کۆبوونەوەدا بنیامین ناتانیاهوو، نیگەرانی خۆی لە هەمبەر چالاکییە نیزامییەکانی ڕێژیم ئیسلامیی ڕاگەیاند و لەسەر هاوئاهەنگی هێزەکانی وڵاتەکەی جەختی کردەوە و لە تێکۆشانی هێزەکان لە پێناو بەرەو پێشچوونی ئامانجەکانی ئیسرائیل دەسخۆشی کرد.

هەر چەندە هەڕەشە و مانۆڕەکانی ئێران و تورکیە ڕووی لە زیاد بوون کردووە و ڕیژیمی ئێران سوورە لە سەر ئەوەی کە دروست بوونی وڵاتی کوردستان لە سەر دەسەڵاتە تێرۆریستیەکەی مەترسییە، بەڵام لە لایەکی دیکەش لە ماوەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان، ئیسرائیل پاڵپشتیی لە خەڵکی کورد کردووە و لە سەر ئەوە پێداگرە کە بەرژەوەندی و ئەمنییەتی کوردستان لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران دەپارێزێت.