کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلال تاڵەبانی کۆچی‌ دوایی کرد

21:18 - 11 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکۆماری پێشووی عێراق بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە دنیای سیاست‌ کرد.

دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، کە جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە وڵاتی ئاڵمان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

جەلال تاڵەبانی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە بەغدا بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچووبوو، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئاڵمان کرا و دوای چارەسەریی پزیشکی، ساڵی ٢٠١٤ بۆ شاری سلێمانی لە کوردستان گەڕایەوە.

جەلال حیسامەدین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی ١٩٣٣ی زایینی لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لە دایکبووە.

ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی بەغدا خوێندنی تەواو کردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە و لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٦١ی زایینی، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

تاڵەبانی بە درێژایی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە شۆڕشی کوردستاندا گێڕاوە و لە نیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتادا لە چوارچێوەی دانوستاندا لەگەڵ حکوومەتی ئەو کاتی عێراق، لەگەڵ سەدام حوسێن، سەرکۆماری ئەو کاتی عێراق دانیشتنیان ئەنجام دا، بەڵام دانوستانەکان به ئەنجام نەگەیشتن.

هەروەها جەلال تاڵەبانی ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ ئیدریس بارزانی ڕۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕاوە و لە شاری تاران ڕێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆ کردووە.

یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای دامەزرانییەوە سێ کۆنگرەی بەستووه و جەلال تاڵەبانی لە هەر سێ کۆنگرەدا بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا.

ساڵی ٢٠١٢ی زایینی مام جەلال تووشی جەڵتەی دڵ و مێشک بووە و تا دوایین ساتەکانی ژیانی لەژێر چاوەدێری پزیشکیدا بوو.