کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عیبادی پیلانی نوێی بۆ کەرکووک داڕشتووە

20:32 - 12 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حیدەر عیبادی داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات، پێکەوە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان ئیدارە بکەن.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، حیدەر عیبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە میدیای فەرمی عێراق بڵاو بووەوە، داوای لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکەوە کەرکووک و ناوچە کێشەسازەکانی هەرێمی کوردستان ئیدارە بکەین.

بە وتەی ناوبراو ئەو داواکارییە لە چوار چێوەی چارەسەر کردنی کێشەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر کەرکووکە.

عیبادی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: هێنانی هێزی نیزامی بۆ کەرکووک کارێکی مەترسیدارە و ئەوەشی زیاد کرد، دانانی خەڵکانێکی دیکە لە هەمبەر کاری ئەنجامدراو کارێکی خراپە و جێگای قەبووڵ کردن نییە.

کەرکووک یەکێک لەو ناوچانەیە، کە هەر لە سەرەتای ساز بوونی وڵاتی عێراق کێشەی لەسەر بووە و ئەو کێشەیە لە نێوان کوردەکان و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکەنی عێراق چارەسەر نەبووە.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان و عێراق، هێزەکانی عێراقی کەرکووک و زۆرێک لە ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستانیان بەجێ هێشت کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کرد.

زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک کوردن و دانیشتووانی دیکە تورکەمەن و عەرەبن.

دوای سەقامگیر کردنی دۆخی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بڕیاری ڕێفراندۆم درا کە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانیش لە ڕێفراندۆم بەشداری بەرچاویان کرد و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان بە سەربەخۆیی کوردستان دا و چارەنووسی خۆیان خستە پاڵ چارە نووسی هەرێمی کوردستانەوە، کە بڕیارە دەوڵەتی کوردی لێ دابمەزرێت.