کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی سروشتی زاگرۆس لە لایەن ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

20:43 - 12 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ئەشکەوتی دەشێخ کە ١٣٥ میلیۆن ساڵ مێژووی هەیە، لە کوهگیلوویە و بویر ئەحمەد لە بنارەکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە چەند ساڵدا بەرەو لەنێوبردنی دەبات.

ئەشکەوتی دەشێخ کە لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، لە لایەن شوانێکی ناوچەکە دۆزرایەوە و وەکوو ئاسەواری نەتەوەیی تۆمار کرا؛ بەپێی لێکوڵینەوەی کارناسان، ئەم ئەشکەوتە سروشتییە کە بە ناوی گوندی دەشێخ کە بە ئەم ئەشکەوتە نزیکە ناودێر کراوە، ئەم ئەشکەوتە بۆ چاخی دووهەمی زەوین‌ناسی دەگەڕێتەوە و خاوەن مێژووییەکی ١٣٥ میلیۆن ساڵەیە.

دوای دۆزینەوەی ئەم ئەشکەوتە، لە دەوروبەری دەستیان کردووە بە ساز کردنی بینا و پارکینگ و زۆربەی دارەکانی دەوروبەری ئاسەوارەکەیان بڕیوە و دەستیان کردووە بە بەردەفەرش کردنی ئەو شوێنە، بەبێ ڕەچاو کردنی ئیستانداردە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان.

لە کاتی نزیک بوونەوە بە ئەشکەوتەکە، یەکەم شتێک کە بەرچاو دەکەوێت، درگایەکی ئاسنییە کە بە شێوەیەکی زۆر ناحەز ساز کراوە و قوفڵێکی لە سەر دراوە، بۆ ئەوەی کە لە کاتی نەبوونی نەفەر ئاژەڵ نەچێتە نێو ئەشکەوتەکە، ئەمە لە حاڵێک دایە، کە ئەم ئەشکەوتە جێگەی ژیانی ئاژەڵانی وەکوو بەراز و چەقەڵ و شەمشەمەکوێرە و زۆر ئاژەڵی دیکەیە کە بە داخستنی درگای ئەشکەوتەکە ئەم ئاژەڵانە بێ داڵدە دەکرێن.

لە کاتی چوونە ژوورەوە تەنیا ٣٠٠ مێتر ڕووناک کراوە، کە زۆربەی گڵۆپەکان کار ناکەن و لە تاریکیدا هیچ شتێک دیار نییە و کاریگەری خراپیان لە سەر قەندیلەکانی داناوە و لە ناویان دەبات، بە وتەی کارناسان یەک سانت لەم قەندیلانە یەک میلیۆن ساڵی پێ دەچێت کە دروست بن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک گرنگی نادەن بە ئاسەوارەکانی زاگرۆس و بەپێچەوانە لە هەوڵی تێیاچوونی ئاسەوارەکانن.

ئەشکەوتی دەشێخ چوار داڵانی هەیە و چەندین کانی تێدایە و سێ داڵانیشی هەیە کە جوانییەکی تایبەتی بەم ئەشکەوتە بەخشیوە.

ئەشکەوتی دەشێخ بە وتەی کارناسان دەتوانێت شوێنیکی گەشتیاری جیهانی لێ دەربچێت و بۆ لێکوڵینەوەی زەوین‌ناسی بە کاری بێنن و جێگەی ئاماژەیە کە هێشتا بە تەواوەتی هەموو ئەشکەوتەکە نەدۆزراوەتەوە و بنی ئەشکەوتەکەش هێشتا دیار نییە.