کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حاشا کردنی بەرپرسانی ڕێژیم لە تاوانەکانیان

15:16 - 13 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی نیزامی ڕێژیمی ئێران هەواڵی دەسبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی کوردستان، بە هۆی پۆشینی جل و بەرگی کوردی ڕەد کردەوە و ئەم هەواڵەی بە پیلانی نەیاران وەسف کرد.

مەسعود خوڕەم نیا فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، بڵاوکردنەوەی هەواڵی گرتنی خەڵكی کوردستان بەهۆی پۆشینی جلی کوردی بە پیلانی نەیاران و هەوڵێك بۆ دروستکردنی فەزای ڕەشبینانە لە ناوچەکە باس کرد.

مەسعود خوڕەم نیا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی پارێزگای سنە و لە وەڵامی پرسیارەکانی هەواڵنێران سەبارەت بە دەست بەسەرکردنی خەڵك بە هۆی پۆشینی جل و بەرگی کوردی، دەستی کردووە بە چەواشەکاری و وێڕای ڕەدکردنەوەی ئەم هەواڵە وتوویەتی: بە پێی زانیارییەکانمان هەندێک کەس دەیانویست نائارامی لە فەزا ئارامە دروست بکەن کە لەگەڵ دژکردەوەی خێرای هێزەکانمان بەرەوڕوو بوون و دەست بەسەرکران.

پاشان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردارە نەشیاوەکەیان وتوویەتی ئەم کەسانە کە دەست بەسەر کراون چەند جۆر چەکی ساردیان پێ بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییە وردەکانی بەردەست دوابەدوای بەریوەچوونی شایی و خۆشی خەلکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان چەندسەد کەس لە هاونیشتمانیانی کورد لە شارەکانی سەقز، سنە، بانە، بۆکان، مەریوان، مەهاباد و چەندین شاری دیکەی کوردستان دەسبەسەر کران و لە ڕۆژانی دواتریشدا بەبیانووی لەبەرکردنی جلی کوردی چەندین هاووڵاتی دیکەش گیران کە لە نێویاندا چەندین کچ و ژنیش دەبینرێن.

ئەم چەواشەکارییانەی پاسدار خۆڕەم‌نیا لە کاتێکدان کە تا ئێستا چارەنووسی بەشێک لەم هاوووڵاتییانە ناڕوونە و بەپیی هەندێک زانیاری کەوتوونەتە ژێر گووشار و ئەشکەنجە هێزە داپڵۆسێنەرەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای بەدناوی بەسیج و سپای تێرۆریستی پاسداران.

هەروەها لە حاڵێکدا کە خەڵکی کوردستان ڕۆژانە شاهێدی هێنانی هێزی بەکرێگیراو و سەرکوتکەر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆ کوردستانن و دەبینن کە ڕێژیم ڕۆژانە چەندین جۆر چەک‌چۆڵی قورس و نیوەقورس ڕەوانەی شارەکانی کوردستان دەکات پاسدار خۆڕەم‌نیا حاشای لێکردووە و وتوویەتی:ئێمە لە سەر ئەساسی سیاسەتی ناجا، هێزە ناخۆجێیەکان ناهێنینە ئەم ناوچە.

ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدان کە ڕێژیمی ئێران لە هەموو جۆرە دەرفەتێك بۆ بێڕێزی کردن بە جل و بەرگی نەتەوەکانی ئێران کەڵک وەردەگرێت و لە بەرنامە تێلفزیۆنیەکانیدا و لەڕێگەی میدیا پر لە شوورەییەکانیان ئەم بێڕێزی کردنانە بەرچاو دەکەون.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی شاردنەوەی تاوان و کارەکانی خۆیدایە و بەردەوام بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەیهەوێت خۆڵ لە چاوی خەڵك بکات و لە هەر جوڵانەوەیەکی جەماوەریی خەڵك ترسی هەیە؛ بۆیە پەنا بۆ هەر کارێك لەمەڕ ڕێگرتن لە کۆبوونەوە و ئێعترازی جەماوەریی خەڵک دەبات کە یەکێک لەو کارانەی لە کوردستاندا دەیکات هێنانی هێزی زۆری نیزامی لە ناوچەکانی ترەوە بۆ کوردستانە.