کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکاری تازەی ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەری بێکاری

20:37 - 13 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: وەزیری هەرەوەرزی، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی ڕێژیمی ئێران (وزیر کار و تعاون و رفاە) ڕاگەیاندووە: بۆ چارەسەری بێکاری ١٩٧ هەزار کرێکاری بیانیمان لە ئێران دەر کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی عەلی ڕەبیعی وەزیری هەرەوەرزی، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی ڕێژیم لە وڵامی پرسیارەکان لە مەڕ کرێکارانی بیانی وتی: یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە ئێران دەژین کە تا ئێستا ١٤٠ هەزار کەسیان لە ئێران دەر کراون.

ڕەبیعی لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا وتی: ٧٠٠ هەزار کەسی دیکەش هەیە لە ئێران کە کرێکاری بێ مۆڵەتن لەوانیش ١٩٧ هەزار کەسیان درە کراوە، کە بە جێگای ئەوان کرێکاری ئێرانیان دامەزراندووە.

ئەوە لە حاڵێک دایە ڕێژیمی ئێران هیچ نەخشەڕێگایەکی نییە و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیمی ئێران لەم بارەوە هەر پروپاگەندەیان بووە.

بەپێی ئامارەکان، دەوڵەتی ڕووحانی لە بێکاریدا ڕێکۆردی بە دەست هێناوە و ماوەیەک پێش ڕەحمانی‌ فەزڵی وەزیری ڕێژیمی ئێران وتی: بێکاری لە هێندێ لە شارەکاندا بە ڕێژەی ٦٠ لەسەدی گەیشتووە.

بە باوەڕی کارناسان گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە بەرهەمهێنان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووریی و نەمانی هەلی کار لە ئێران دەژمێردرێن.

ژمارەیەک کارناسی دیکەش دەڵێن: هۆکاری پەرەسەندنی هەژاری لە ئێران بۆ یارمەتییە ماڵییەکانی ئێران بە ڕێژیمی بەشارئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق دەگەڕێتەوە.