کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شارەکانی سەقز و مەریوان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو

15:07 - 14 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بارودۆخی نەشیاوی خوێندن لە قوتابخانەکانی کوردستان، مامۆستایانی شارەکانی سەقز و مەریوان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک‌هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا؛ کاتژمێر ١٠ی سەر لەبەیانی ڕۆژی ٥شەممە رێکەوتی ١٣ی ڕەزبەر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە مامۆستایانی شاری سەقز لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارە کۆبوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا مامۆستایان وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دۆخی هەنووکەییان، خوازیاری بەدواداچوونی داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە بوون.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شوێنی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاندووە: پاش کۆبوونەوەکەش یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوی ناڕازییانی خوێندەوە و ڕادەستی بەرپرسانی پێوەندیدار لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کرد.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەم خاڵانە کراوە:

١. ئەم کۆبوونەوە بەپێی یاسای بنەڕەتی بەشێوەی هێمنانە بەرێوە چووە و لەڕاستای گەیشتن بە ویستە سێنفییەکان ڕێک‌خراوە.

٢. پێویست دەکات بودجەیەکی دادپەروەرانە بۆ بردنەسەری سەرانەی قوتابی لە راستای دابین کردنی فێرکاری بێ‌بەرامبەر و دادپەروەرانە و بەکەیفیەت بۆ هەموو قوتابییەکان بەتایبەت قوتابییانی ناوچە بێ‌بەشکراوەکان بەپێی ئەڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی دیاری بکرێت.

٣. هەوڵ بۆ بردنەسەری ئاستی فێرکارییەکان بدرێت.

٤. پرسی بەخسووسی کردنی قوتابخانەکان ڕابگیرێت.

٥. کێشەی کەمی فەزای قوتابخانەکان جارەسەر بکرێت.

٦. ڕێگە بۆ خوێندنی بێ بەرامبەر بۆ هەموو قوتابیان وەک یەک خۆش بکرێت و بودجەی دیاریکراو بۆ وەزارەت زیاد بکرێت.

٧. بودجەیەکی شیاو بۆ پیشگرتن لە زیادبوونی خەسارە کۆمەلایەتییەکان دابین بکرێت.

٨. بودجەیەکی شیاو بۆ بژێوی ژیانی مامۆستا خانەنشین‌کراوەکان و مامۆستایانی ٢کارە و چەندکارە دابین بکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا مامۆستایانی شاری مەریوانیش هەمان ڕۆژ لە بەردەم بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارەکەیان کۆبوونەوە و لەهەمبەر دابەش‌کردنی نایەکسانی بودجەی وەزارەتی بارهێنان و پێویستی ئاوڕدانەوە لەم مەسەلە ئێعترازی خۆیان دەربڕی.

شایانی باسی ئەمە چەندەمین جارە کە مامۆستایانی کوردستان بۆ گەیشتن بە ویستە سێنفی و دیموکراتیکەکانیان هەوڵی لەم چەشنە دەدەن بەڵام تا ئێستا بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتوون و بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ هەوڵێکیان بۆ بنبڕ یان کەم‌کردنەوەی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن لە ئێران و کوردستان نەداوە و هەموو کات پشت‌گوێ خراوە.