کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێریتیج: کاتی هەڵوەشاندنەوەی بەرجام هاتووە

15:27 - 14 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ قسەکانی دانڵد ترامپ لەپیوەندی لەگەڵ ڕێزدانەنای کۆماری ئیسلامی بە بەرجام، دامەزراوەی بەناوبانگی هێریتیج ڕایگەیاندووە دەبێ بەرجام هەڵبوەشێتەوە.

سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی ئۆکتۆبر لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئامریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ڕێژیمی تاران پێبەندی ڕۆحی بەرجام نەبووە و هەر بەم بۆنەشەوە تا ماوەیەکی دیکە بڕیاری کۆتایی خۆی لەپێوەندی لەگەڵ ئەگەری هەلوەشانەوەی بەرجام دەردەکات.

ناوبراو لەم دانیشتنەدا وتوویەتی: ئێمە ئیزن بە کۆماری ئیسلامی نادەین کە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات؛ ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەناردەکردنی توندوتیژی و خوین‌ڕشتن و بشێوی لە ناوچەدا دەکات کەواتە ئێمە دەبێ کۆتایی بێنین بە بەردەوامی زێدەخوازییەکانی تاران.

هەر لەم ڕاستایەدا دامەزراوەی بەناوبانگی هێریتیج کە شوێندانەری زۆری لەسەر سیاسەتداڕێژییە کەڵانەکانی ئامریکا هەیە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێکەوتی ١٥ی ئۆکتۆبر بەرامبەر بە ٢٣ی ڕەزبەر ڕۆژێکی مێژووییە چونکە بڕیار بۆ پرسێکی نێونەتەوەیی گرینگ دەدرێت ئەویش بەرجامە.

نووسەر و ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە، جەیمز فیلیپس، ڕوو لە دەوڵەتی ئامریکا نووسیویەتی: پێویستە پێبەندبوونی ئێران بە نێوەڕۆکی بەرجام تەئید نەکرێت و کاتی هەڵوەشانەوەی هاتووە.

بەباوەڕی نووسەری ئەم ڕاپۆرتە گرینگترین هۆکار بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە، دەتوانێ دژایەتییەکانی تاران و ڕێگربوونیان لەمەڕ چاودێری کردن بەسەر سایتە سەربازییەکانی ئێران بێت کە بۆخۆی بووە هۆکاری ئەویەکە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناکی نەتوانێ تەئیدی پێبەندبوونی ئێران بە خاڵەکانی بەرجام بکات.

نووسەر هەروەها وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٢ جار هەوڵی داوە چەکی نایاسایی هاوردەی ئێران بکات و لەوێشەوە بۆ عێراق و سوریەی بنێرێ؛ هەروەها گرووپە توندڕەوەکان لەلایەن تارانەوە بۆ ئەفغانستان، بەحرەین، سوماڵی و یەمەن دەنێردرێن تاکوو ئاژاوەکان قوڵتر بکەنەوە.

بەباوەڕی جەیمز فیلیپس بەرجام لە ئێستادا نەتەنیا بێ‌کەڵکە بەلکوو نەیتوانیوە گۆڕانێک لە سیاسەتی دەرەکی ئێرانیش پێک بێنێت بەپێچەوانەشەوە دۆخەکەی خراپتر کردووە کەواتە دەبێ ئامریکا و وڵاتانی ئۆروپایی بیر لەوە بکەنەوە کە ئێران زیاتر بخەنە ژێر گوشار تاکوو واز لە سیاسەتە دوژمنکارانە و زێدەخوازییەکانی بهێنێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕاوێژکارانی بەرزی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئامریکاش پێشنیاریان بە ترامپ کردوە کە ڕێککەوتنی ناوکی تەئید نەکات.

هەر لەم ڕاستایەشدا ئاسۆشیتێدپرێس باسی لەوە کردووە کە ئەگەری ڕەدکردنەوەی بەرجام لەلایەن ترامپەوە گەلێک بەهێزە و دەبێ چاوەڕێ بکەین تاکوو ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبر کە بڕیاری کۆتایی دەردەکرێت.