کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلەک سەلمان: کۆتایی هێنان بە زیادەخوازییەکانی ئێران هۆکاری سەرەکیی جێگیر کردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەیە

15:31 - 15 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پادشای سعوودییە، جێگیر بوونی ئاشتی و هێمن بوونەوەی ناوچەکەی بە کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەی زانی.

مەلەک سەلمان پادشای عەرەبستانی سعوودییە، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ لە دیدارێکی لەگەڵ دیمیتری مەدۆدۆف سەرۆکوەزیری ڕووسیە باسی لە دەستێوەردانەکان و فراوانخوازییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکە کرد و کۆتایی هێنان بەم دەستێوەردانانەی بۆ جێگیر کردنی ئاشتی لە ناوچەکە بە پێویست لە قەڵەم دا.

پادشای سعوودییە جەختی لەوە کردەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی یەمەن و سووریە و وڵاتانی دیکە، پێویستە پێی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانە ببڕدرێت و کۆتایی بە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی بهێنرێت و ڕێژیمی ئێران پێبەندی یاسا نێونەتەوەییەکان بێت.

عادل ئەلجوبەیر وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی عەرەبستانی سعوودییە لە پەیوەندی لەگەڵ هەمان بابەتدا لە چاوپێکەوتنێکیدا وتوویەتی: ئەگەر ئێران دەیهەوێت ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت، دەبێت واز لە تێکەڵاو بوون لە کاروباری وڵاتانی دیکە بهێنێت.

ڕێژیمی ئێران، بەردەوام بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، لە هەوڵی زیاد کردنی دەسەڵات و جێگیر کردنی هێزی خۆی لە ناوچەکە دایە، بوونی سپای پاسداران لە شەڕی سووریە و پشتیوانیی کردن لە میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان لە نموونە بەرچاوەکانی ئەم فراوانخوازییانەی ڕێژیمی ئێرانن.