کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی ئازاد کردنی زیندانییانی ئامریکایی لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن سێنای ئامریکاوە پەسەند کرا

16:27 - 15 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: هەر دوو حیزبی سەرەکیی ئامریکا، لە سێنای ئەم وڵاتەدا بڕیارنامەیەکیان بۆ ئازاد کردنی هاووڵاتییانی ئامریکایی لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران دەرکرد و داوای ئازاد کردنی بێ‌مەرجی ئەم هاووڵاتییانەیان کرد.

ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕەزبەر، کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنای ئامریکا، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکات، کە هاووڵاتییانی ئامریکایی کە لە زیندانەکانی ئێران دەسبەسەر کراون ئازاد بکرێن.

ئەم بڕیارنامەیە بە ڕەزامەندی هەر دوو حیزبی سەرەکیی ئامریکا پەسەند کراوە و تێیدا داوا لە دەوڵەتی دانڵد ترامپ دەکەن، کار کردن بۆ ئازاد کردنی ئەم زیندانییانە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە حوکمی دەسبەسەر کردنیان بە سەردا سەپاوە، ببێتە سەرەتیترین کارەکانی دانڵد ترامپ.

تێد کروز سێناتۆری کۆمارییەکان، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بڕیارنامەیەدا وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێکی ئابووریی یان سیاسیی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستیان داوەتە زیندانی کردن و لێکۆڵینەوە لە هاووڵاتیانی ئامریکایی و کەسانێک کە خاوەن دوو ڕەگەزنامە و هەروەها ئەوانەی خاوەنی نیشتەجێ بوونی هەمیشەیی لە ئامریکان، کار کردن بۆ ئازاد کردنی ئەم هاووڵاتیە ئامریکاییانە دەبێت ببێتە سەرەتیترین کارەکانی ئێمە.

باب مەندز سێناتۆری دێموکراتییەکانی ویلایەتی نیوجرسی ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەگەر ئێران بیەوێت لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە وەر بگیردرێت، دەبێت دەست لە بارمتە گرتن هەڵبگرێت، یەکێک لەو ڕەخنە بەرچاوانەی کە لە ڕێککەوتنامەی بەرجام دەگیرێت، پێدانی پارە لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا بە ڕێژیمی ئێرانە.

باقرنمازی، سیامەک نمازی، کارن وەفاداری، ژیۆوانگ، نزار زاکا و ئافرین نیاسەری لە نموونەی ئەو هاووڵاتییە ئامریکایانەن کە لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون.

هەندێک لەو گیراوانە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپی تەندروستی دان، پارێزەرەکانی باقر نمازی نزار زاکا، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، ڕایانگەیاندووە کە ئەم دوو زیندانییە لە بارودۆخێكی خراپی تەندروستی دان.

مەجلیسی نوێنەران لە سەرەتاکانی مانگی مەییدا بڕیارنامەیەکی هاوشێوەی واژۆ کرد.

جگە لە هاووڵاتییانی ئامریکایی، هاووڵاتیانی وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان و کانادا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.