کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠٠ میلیۆن دولار زەرەری مانگانەی ڕێژیمی ئێران بە هۆی دژایەتی کردنی لەگەڵ گشتپرسیی باشووری کوردستان

16:28 - 15 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە هەرێمی کوردستان بڕیاری بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دا، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وە خۆ کەوتن و بە دژی ئەم بڕیارەی نەتەوەییەی کورد لە باشوور هەڵویستی جۆراوجۆریان نواند.

گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە لە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو، هەڕەشە و هەڵویستی ڕێژیمەکانی دەوروەبەری کوردستانی چەند قات کردەوە، لەم پێوەندییەدا ڕێژیمی تاران بۆ لەمپەر دروست کردن لە سەر ڕێگای ئەم بڕیارە نەتەوەییە دەوری سەرەکیی گێڕاوە و بۆ ئەم مەبەستە سەردانەکانی بۆ تورکیە و عێراق لە بەراورد لەگەڵ پێشتر زیاتر بووە.

دژایەتییەکانی ئێران لەگەڵ گشتپرسیی لە باشووری کوردستان، بە خێراییەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر هەناردە کردنی شتومەک بۆ هەرێم کوردستان داناوە و کەمی کردووە، هەر لەم پێوەندییەدا بازرگانانی ئێران داوایان لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیمی تاران کردووە، کە لەم بارەوە ڕێگایەکی شیاو بۆ درێژەدان بە هاریکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێم کوردستان بدۆزنەوە.

ڕێژیمی تاران لە حاڵێکدا هەڕەشە لە کوردستان دەکات، کە لە هەرێمی کوردستان لانیکەم ٤٧٠ کومپانیای ئێرانی تۆمار کراوە و لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بەرپرسانی ڕێژیمی تاران و هەرێمی کوردستان لەسەر دانانی نووسینگەیەکی بازرگانیی لە تاران و هەولێر ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە.

بەپێی ئامارەکانی وڵاتی عێراق، ئەم وڵاتە وەکوو یەکەمین وڵات دێتە ئەژمار کە بازرگانانی ئێران کەلوپەلەکانیان هەناردەی دەکەن و ٣/١ ئەم کەلوپەلانە بۆ کوردستان هەناردە دەکرێت.

پاش ئەوەی کە سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشوور لە لایەن ڕێژیمی تارانەوە داخرا، هەڵویستی کەرتی بازرگانیی لە لایەن بازرگانانی لێ کەوتەوە.

دەبیری گشتیی دیوی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق، نرخی هەناردەکانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان، هەتا پێش گشتپرسیی ٦٠٠ میلیۆن دولار لە مانگدا بەراورد کردبوو.

حەمید حوسێنی دەبیری گشتیی دیوی بازرگانیی ئێران و عێراق، چەند ڕۆژ پێش لە کۆڕێکدا کە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کاریگەریی گشتپرسیی کوردستان لە سەر پێوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی نێوان تاران و هەرێمی کوردستان گیرابوو، داوای لە شۆرای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران کردبوو، کە بە ڕەچاو کردنی هەموو لایەنەکان بڕیار بدەن.

هەروەها ناوبراو وتی: نابێت ئێران لە هەمبەر گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، خێراتر و توندتر لە حکوومەتی عێراق هەنگاو هەڵبگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، حوسێنی یەحیای ئالی ئسحاق، سەرۆکی دیوی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق، بازاڕی هەرێمی کوردستانی بۆ بازرگانانی ئێران بە گرنگ لە قەڵەم داوە.

سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی کەرتی هەناردەی ئێران، محەممەدی لاهووتیـش داخرانی سنوورە دەستکردەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی بە هەواڵێکی ناخۆش بۆ کەرتی ئابووریی و هەناردەیی ئێران زانی و داوای لە ڕێژیم کردووە، کە بە پشتیوانیی لە هەناردەکاران و قەرەبوو کردنەوەی زەرەر و زیانەکانیان بەشێک لەم کێشە و گرفتانە چارەسەر بکات.

ئەم نیگەرانیی و هەڵویست گرتنانەی بازرگانان و هەناردەکارانی ئێران، لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام لە لێدوانەکانیان دەوڵەتی نوێی کوردستان لە ناوچەکە بە ئیسرائیلی دووهەم لە قەڵەم دەدەن، بەڵام لە بیریان دەچێتەوە کە لە سەرچاوەکانی خۆیان نرخی هەناردەی شتومەکە بازرگانییەکانیان بۆ هەرێم کوردستان لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣ میلیارد و ٢٧٧ میلیۆن دولار ڕاگەیەندووە، کە مانگانە نزیک بە ٦٠٠ میلیۆن دولار دەکات.