کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر کوردستان

15:09 - 16 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر کام بە شێوەیەک دژی نەتەوەی کورد و کوردستان هەڵوێستی خۆیان دەگرنە بەر و هەڕەشەی نێوبەتاڵ لە کورد دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە محەممەد جەواد زەریف لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق قسەی کردووە و هەروەها بەشێوەیەکی زۆر نەفس‌نزمانە کە سەرچاوە لە مێشکی نەخۆشی ناوبراو دەگرێ، هێرشی کردووەتە سەر کوردستان.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئیران لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا گوتی ئێمە دۆستی خەڵکی عێراق و کوردەکانی ئەو وڵاتەین و هەڵەی ستراتیژی هەندێک کەس له حیسابی خەڵکی کوردستانی عێراق جیاوازە.

ناوبراو لە قسەیەکی ناڕوون و دوو لایەنەدا هێرشی کردووەتە سەر ڕێبەرانی کورد و نەتەوەی کورد.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا باسی هەڵەی ستراتێژیک دەکات کە نزیک بە ٩٣٪ خەڵکی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوه.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش عەلی خامنەیی لە دوایین لێدوانە رقاوییەکانیدا دژ بە گەلی کورد کە دەرخەری بیری چەق‌بەستوو و دژەکوردی ناوبراو و سیستمە سەدە نێوەڕاستییەکەیەتی، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر و لە دیدار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە، هۆكاری ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان و پرۆسەكەی بۆ پرۆژەیەکی ئامریكا گەڕاندەوە و گوتی ئامریكا و هێزی دیکەی بیانی لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی ڕێفراندۆمی كوردستانەوە، پلان دادەڕێژن بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێكی نوێ لە ناوچەكەدا.

وەک ڕێنوێنییەکیش بۆ لق‌وپۆپ و باڵە ئاژاوەگێڕەکانی ویلایەت لە ئێران و ناوچە گووتبووی: پێویستە ڕێوشوێنی تایبەت و بەپەلە دژی جیابوونەوەی کوردستان بگیرێتە بەر.

سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لەو بەشە لە نیشتمان، باڵاکردنی ئیرادەیەکی مافخوازی و ئۆگریی بۆ سەربەستی و رزگارییە کە خەڵکێک بە ناوی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای کوردستان دوای سەدان ساڵ ژێردەستی و سەرکوت و زەوتکردنی هەموو ماف و جەوهەری بوون و ژیانیان و خەوشدارکردنی ناسنامەی تاک و کۆ و کۆمەڵگایان، دووبارە دێنەوە نێو مێژوو و رێگە نادەن چیدی ستراتژی و سیاسەت و مێژوو و ژیان بە بێ ئەوان بنووسرێتەوە، ئیتر کوردستانیش لانیکەم لە بەشیکی دا وەکوو بکەر و خاوەن روئیایەکی کردەیی لە نێو هاوسەنگی و لاسەنگیەکاندا دەور دەگێڕێ و لە دوورەوە چاو لەدەست نابێ بزانێ چی بۆ دەنووسن.