کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە فلستین

15:13 - 16 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حەماس ئەساسنامەیەکی نوێی دەرکرد و پشتی لە ڕێژیمی ئێران کرد.

دوای سەردانەکەی وەفدی ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین بە سەرپەرستی ڕامی حەمدوڵا وەزیری ئەم خۆبەڕێوەبەرییە لە رۆژی دووشەممە ١٠ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی دەروازەیەکی راوێژکاری نوێ لە نێوان فەتح و حەماس ساز بوو و چاوەڕوانی دەرئەنجامی باش بۆ گەلی فلستینی لێکەوتەوە.

ڕامی حەمدوڵا وتبووی کە دامەزراندنی وڵاتی فلستین بە بێ یەکڕیزی و یەکگرتویی کەنارەی ڕۆژئاوایی ڕوباری ئۆردۆن و باریکەی غەزە جێبەجێ نابێت.

دوای سەردانی ڕامی حەمدوڵا و لێدوانەکانی لە هەمبەر گەلی فلستین، نێتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل رایگەیاند کە هەرکەس بیهەوێ قسە لە ئاشتی بکا، دەبێ پێش لە هەموو شتێک دان بە بوونی ئیسراییل وەک وڵاتێکی یەهوودی دابنێ.

وتوویشیەتی: ئێمە روانگەیەکی روونمان هەیە ئەویش ئەوەیە کە لقی سەربازی حەماس هەڵوەشێتەوە و حەماس پشت لە ئێران بکات و چیدیکە یارمەتی لە ئێران وەرنەگرێت.

دوای لێدوانەکانی نێتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل، مەحموود عەباس سەرۆکی ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین وێڕای تەئیدی قسەکانی نێتانیاهو ڕایگەیاند: حەماس دەبێ چەک دابنێ.

حەماس بەدوای ئەو ڕوداوانەدا ئەساسنامەیەکی نوێی پەسند کرد کە تێیدا باس لە شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ئیسراییل نەکراوە و تەنیا باس لە مافی رەوای فلستینییە ئاوارەکان کراوە کە بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

لەو ئەساسنامە تازەیەدا ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین بانگهێشت کراوە کە ئیدارەی باریکەی غەزە وەئەستۆ بگرێت.

ئەو بڕیارە نوێیانەی حەماس لەلایەن شڕۆڤەکارانەوە وەک شکستی ڕێژیمی ئێران چاوی لێدەکرێت هەر بۆیە بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی تێرۆریست پەروەری تاران ئەو ئەساسنامەیەیان بە گەمژانە لە قەڵەم داوە.

باریکەی غەزە دوای دەرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە لایەن مەحموود عەباس سەرۆکی ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین و دەوڵەتێکی سەربەخۆی بە پشتیوانی وڵاتانی ئێران، تورکیە و قەتەر لەو ناوچەیە ساز کرد کە لەگەڵ گەمارۆی ئیسراییل و میسر و ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین بەڕەوڕوو بووە.

تا ئێستا چەندین جار ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین هەوڵی داوە دۆخەکە ئارام بکاتەوە بەڵام ڕێژیمی ئێران پەرەی بە ئاڵۆزییەکانی فلستین داوە و نەیهێشتووە ئەو وڵاتە سەقامگرتوو بێت بەڵام لە ئاکامدا حەماس وەڵامی ڕێژیمی ئێرانی نەدایەوە و دەروازەی وتووێژ و چارەسەری کێشەکانی کردەوە.