کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵاوگەی کرماشان بە کەمتر لە ١٠ لەسەدی نرخی خۆی فرۆشرا

15:35 - 17 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دزین و بەتاڵان بردنی داهات و سامانی کوردستان بە دەستی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و لە پانتایەکی بێ‌وێنەدا درێژەی هەیە.

عەبدولڕەزا مێسری، نوێنەری ڕێژیم لە پارلەمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدریی مێهر ڕایگەیاندووە: پاڵاوگەی کرماشان بەپێی ماددە ٤٤ یاسای بنەڕەتیی لە بەر قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکە تایبەتییەکان بە نرخی ١٨٠٠ میلیارد تمەن فرۆشراوە. بەڵام دوای ئەوە هەندێک کەس لە ڕێکخراوی کەرتی تایبەتکاریی، دەسەڵاتی ئەم پاڵاوگەیە لە دەستی خاونەکانیانی دەر هێناوە و دیسان بە ١٠ لەسەدی نرخی ڕاستەقینە بە کەسێکی دیکە فرۆشراوە.

مێسری کە خۆی یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیمە و سەر بە سپای پاسدارانە، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە قەرزدار بوونی خاوەنی ئێستای پاڵاوگەی کرماشان کردووە و وتوویەتی: خاونی ئێستەی پاڵاوگە مافی بەڕێوەبردنی نییە و بە بانکەکان قەرزدارە.

ململانێیەکانی نێو دەوڵەت و کێشەی نێو باڵەکانی ڕێژیم بۆ تاڵان کردنی داهات و سامانی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەیکە هەر کام لەم لایەنانە بە بەربەست دانان لە هەمبەر لایەنێکی دیکە و بۆ کەوتنە پێش لە تاڵان کردن، دەستیان کردووە بە درکاندن و ڕوون کردنی دزییەکانی لایەنی بەرانبەر، کە بە بڵاو بوونی ئەو هەواڵانە بەشێکی زۆر لە تاڵانەکانی ڕێژیم فاشیستی - مەزهەبی ئێران لە کوردستان ئاشکرا کراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە بەتایبەتیی کردنی شیرکەتەکان، کانگاکان و کارخانەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی کێشە بۆ کرێکاران و لەم بارەوە چەندین مانگرتنی کرێکارانی لێ کەوتووەتەوە.