کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵی و بەتاڵان بردن بەشێوەی یاسایی لە ئێراندا

15:55 - 17 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: شارەداری پێشووی ڕەشت لە ئێران بۆ داگیرکردنی خانوویەکی سازمانی نامەیەکی بۆ خۆی ناردووە و داوای کردووە بەپەلە هەنگاوی یاسایی بۆ هەڵبگیرێت و بۆ خۆیشی داواکارییەکەی پەسند کردووە.

ماڵپەڕی باشگاه خبرنگاران ئاشکرای کردووە؛ بەرپرسی پیشووی شارەداری ڕەشت لە دووتوێی نامەیەکی گاڵتەجاڕ و سەیروسەمەرەدا بە کەلکاژۆوەرگرتن لە پلەوپایەکانی لەم نیهادە دەوڵەتییە، بە کەڵک وەرگرتن لە یاسا ڕێگەپێدراوەکان دەستی بەسەر خانوویەکدا گرتووە.

لەم نامەیەدا کە مانگی ڕابردوو لەلایەن بەشی ڕاگواستن و ژێرخانی شارەداری ڕەشت ڕوو لە بەرپرسی شارەداری نووسراوە، فەرامەرز جەمشیدپوور کە هاوکات لەگەڵ بەرپرسایەتی شارەداری بەرپرسی بەشی ئاماژەبۆکراویشە لەلایەن خۆیەوە داوای لە خۆی کردووە خانوویەک کە لەژێر دەسەڵاتی هەمان شارەدارییە ڕادەستی بکرێت.

بەپێی ئەم نامەیە کە بڵاو کراوەتەوە هەمان کەس لە پاڕاگرافێکدا ڕوو لە جێگرەکانی شارەداری سەبارەت بە داواکارییەکە وتوویەتی: بەپەلە و لە یەکەم دەرفەتدا کاروبارە یاساییەکانی جێبەجێ بکرێت.

هەر چەند کە بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە سیستمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بەردەوام سەرقاڵی هەڵلووشین و بەتاڵان بردنی مڵک و سامانی گشتین بەڵام ئەمە نموونەیەکی دانسقە و تایبەتە کە دەرخەری بوونی جۆرێکی نوی لە گەندەلییەکانە لە نێو سیستمی ئیداری کۆماری ئیسلامیدا.