کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئێران لە نەگەیشتن بە چل ساڵەی تەمەنی خۆی نیگەرانە

15:06 - 18 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە تاران بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چل ساڵەی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەک پێک هات و تێیدا باس لە نیگەرانییەکان لەو بارەوە کرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەت، مەجلیس، دەزگای قەزایی و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم ساز کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا جەنەتی کە سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەی بە ئەستۆ بوو، وتی: ئێمە لە سەردەمی شادا زۆر داماو و زەبوون بووین، بەڵام ئێستا بە شەرافەتێکی بێ‌وێنەوە دەژین و ‌هێندە پێش کەوتووین کە وە سەر دیوارەکان کەوتین و سیخوڕەکانی ئامریکامان گرت و چاویانمان بەست؛ ئەو جۆرە کارە لە کوێی جیهان کراوە؟ ئەوە شانازییەکە بۆ ئێمە.

جەنەتی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: شۆڕشی ئێمەش هەناردە کرا و هەر ئەو هەناردە کردنەی شۆڕش بوو کە ئێستا میسر، لێبی و سووریەی ڕزگار کردووە و ئیسرائیل ئاوەها لێی دەترسێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە مەڕ بوودجەی ڕێوڕەسمی چل ساڵەی تەمەنی نیزام نیگەرانم کە دەبێ چارەسەری بکەین، دەوڵەت نییەتی ڕاستیش دەکات و باری ماڵی دەوڵەت باش نییە، دەبێت مەجلیس چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە و بۆ دابین کردنی ئەو بوودجەیە یارمەتیدەر بێت.

هەروەها عەباس ساڵحیش، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: بەردەنگەکانی شۆڕش ١٠ تا ٢٠ میلیۆن کەسن و دەبێ ئەو ڕێژەیە زیاد بکەین.

لەو کۆبوونەوەدا کە ململانێی پێوە دیار بوو، مەسعوود پزشکیان نوێنەری تەورێز و جێگری بەرپرسی مەجلیس وتی: دەبێ ڕاستییەکان بە خەڵک بڵین و هیچیان لێ نەشارینەوە، نابێ بە باڵای خۆماندا هەڵبڵێین، ئێمە لە نوێژی هەینی و لە دەنگ و ڕەنگ ڕەخنە لە زۆر شت دەگرین، بەڵام زۆر شتیشیان لێ دەشارینەوە.

پزشکیان لە کۆتاییدا وتی: هیچ شتێک لە ڕاستی و دروستی خۆشتر نییە و ڕاستییەکان چ هەیە دەبێ ئەوەی بە خەڵک بڵێین.

ئاڵۆزی و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەستێوەردانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەری لەوان شێواندوووە، ئەوان لەو زەلکاوی کە لە ناوچەکەدا سازیان کردووە، گیریان خواردووە و نیگەرانی نەگەیشتن بە تەمەنی چڵ ساڵەیی ڕێژیمن.