کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهید فەرماندە \"مێهدی تەوریوەری\" بەرز ڕاگیرا

15:13 - 18 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە ژاوەرۆی هەمیشە دێموکرات یادی لەدایک بوونی شەهیدی هەردەم زیندوو، مێهدی تەوریوەرییان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل لە ژاوەرۆی سنە ڕێوڕەسمێکیان بۆ یادی لە دایک بوونی شەهیدی فەرماندە مێهدی تەوریوەری بەڕێوە برد.

لەم یادکردنەوەدا ڕێبوارانی ڕێبازی ئازادی وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی جەنگاوەری خۆرەتاو، فەرماندەی بەوەجی دێموکرات و ڕێبوارە ڕاستەقینەکەی ڕێبازی شەهیدان، کاک مێهدی شێخی ناسراو بە مێهدی تەوریوەری پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازەکەی نوێ کردەوە و بەڵێنیان دا تا سەر وەفادار بە ئارمان و ئارمانجەکانی حیزبەکەی شەهید مێهدی بمێننەوە.

ژیان و بەسەرهاتی هاوڕێی سەروەر شەهید مێهدی شێخی

مێهدی شێخی كوڕی حەمەخان ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی نیشتمانپەروەر لە گوندی تەوریوەری ناوچەی ژاوەرۆی سنە لەدایكبووە.

شەهید مێهدی شێخی ناسراو بە مێهدی تەوریوەری هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە و لە شەڕی ٣ مانگە لە ناوچەی سنە بەشداریی کردووە. ساڵی ١٣٥٨ هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات و لە هێزی شەریفزادە سازمان دراوە. هەردوو شەڕی نەورۆزی ٥٨ و بەهاری خوێناویی شاری سنە چالاکانە بەشداریی کردووە. کاک مێهدی یەکێک لە پێشمەرگە دڵسۆز و فیداکارەکانی حیزب بوو لە ناوچەی ژاوەرۆ. لە ماوەی پێشمەرگایەتی‌دا لە زۆربەی هەرەزۆری مەئمووریەتە پێ‌سپێردراوەکانیدا بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە بەشداریی دەکرد و ئەرکەکانی تێدەپەڕاند. کاک مێهدی بە هۆی تایبەتمەندییە نیشتمانپەروەرانەکانی و دەروەستیی بەرانبەر ئەرکەکانی بوو بە پێشمەرگەیەکی جێی متمانە و باوەڕی خەڵک و سیمایەکی ناسراوی ناوچەکانی جنووبی کوردستان. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەردەوام لە تیمە تەشکیلاتییەکانی ناوچەی سنەدا بەشدار بووە و ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە. لە شەڕەکانی ناوچەی سنە چەندین جار بریندار بووە. ناوبراو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین بەرپرسایەتی نیزامیی وەكوو: سەرپەل‌ ـ جێگر پەل ـ سەردەستە و سەر لکی لە ئەستۆ بووە و بەشێكی زۆر لە ژیانی پێشمەرگایەتیی خۆی لە كاروباری نیزامیدا تێپەڕاندوە و وەكوو پێشمەرگەیەکی شارەزا ‌و جێی‌ متمانەی خەڵكی ناوچە ‌و كومیتەی شارستان ‌و مەڵبەند، لەگەڵ تیمە تەشكیلاتییەکان لە ناوچەی سنە ‌و ژاوەرۆ ‌و چەم‌شاردا كاری كردووە.

ساڵی ١٣٨١ پلەی كادری نیزامی وەرگرتووە و بەهۆی فیداکاری و لێهاتووییەوە چەندین خەڵات و نامەی ڕێزلێنانی پێ‌بەخشرا. تا ساڵی ١٣٩٤ وەکوو كادری ناوەندی ١ی كوردستان، هەر ئەرک ‌و مەئموریەتێكی حیزبی کە پێی سپێردرابێت بە سەرکەوتوویی و بە لێوەشاوەیی جێبەجێ کردووە.

ساڵی ١٣٩٤ بە بەرپرسیارەتیی تیمێكی پێشمەرگە ماوەی نزیك بە ٢ مانگ لە ناوچەکانی سنە و ژاوەرۆ ئەرکی حیزبیی بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە بەڕێوە برد. بەهاری ساڵی ١٣٩٥ وەکوو بەرپرسی نیزامیی تیمێكی پێشمەرگەی لە ناوچەی سنە ‌و مەریوان بوو و پاش جەولەیەكی ١٥ ڕۆژە، کاتێک ڕێژیم هەستی بە بوونی پێشمەرگەکانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە کرد، شاخی کۆساڵانیان لە ناوچەی شامیان گەمارۆ دا و دواجار لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٥ی پووشپەڕدا پێشمەرگەکان لە نزیک گوندی دوو ڕوو لە بناری شاخی کۆساڵان دەکەونە بەر پەلاماری دڕندانەی دوژمن. لە ئاکامی ئەو شەڕە نەخوازراو و نابەرابەرەدا، و لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا، ٣ پێشمەرگەی قارەمانی حیزب شەهید دەبن. لە ڕۆژی دووهەمی ئەو شەڕەدا دوژمن بە تۆپ و خومپارە مەیدانی شەڕەکە ئاگر تێبەردەدا. لە ئاکامی ئەو شەڕە داسەپاوەدا، كاك مێهدی ‌و ٥ كەسی دیكە لە هاوڕێیانی پاش هەڵبڕان لە هاوسەنگەرانیان، بێ‌ سەر‌وشوێن بوون. مەخابن پاش بەدواداچوونی ورد دەركەوت ئەو هاوڕێیانە لە ئاگری ڕق و قینی بێبەزەییانەی دوژمندا شەهید بوون.