کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"نێتانیاهوو\" و \"تێرێزا مەی\" لە سەر ئاژاوەگێڕیی ئێران هاوڕان

15:47 - 18 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و تێرێزا مەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لە سەر ئەوەیکە کۆمەڵگای جیهانی دەبێت بە وریاییەوە ئاوڕ لە هەڕەشەکانی ئێران بدەنەوە، هاوڕا و هاودەنگ بوون.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕوویتێرز، وتەبێژی دەوڵەتی بریتانیا لە بارەی ئەم وتووێژە تەلەفۆنییە ڕایگەیاندووە: ئەم دوو پلە بەرزە حکوومەتییە لە سەر پێکەوە بوون لە هەمبەر هەڕەشەکانی ئێران لە کەنداو و ناوچەی بەربڵاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوڕا و هاودەنگ بوون.

هەروەها ئەم کەسە وتوویەتی: هەر دوو سەرۆکوەزیران لە سەر ئەوەیکە کۆمەڵگای جیهانی دەبێت لە هەمبەر کردەوەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە هەڵویست بگرن یەک بۆچوونیان هەبووە.

سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لەم بارەوە وتی: ئەو ڕێککەوتننامەیە دەیان ساڵ ئێرانی لە دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی وە دوا خست، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەسەر کونتڕۆڵی زیاتری بەرجام و کارەکانی ئێران دەبێت پێداگری بکرێت.

تێرێزا مەی کە چەند مانگ پێش سەفەرێکی بۆ کەنداو کردبوو، ئێرانی بە دەستێوەردان لە وڵاتانی دەروبەری کەنداو تاوانبار کرد.

وڵاتی ئیسرائیل سەرەڕای کۆمەڵگای جیهانی بە تەواوەتی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام ناڕازییە و داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە، کە ئەو ڕێککەوتننامەیە یان هەڵبوەشێتەوە و یان دەستکارییەکی گشتی بکرێت.

ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییە لە نێوان ئەو دوو سەرۆکوەزیرانە لە بەرەبەری بڕیارە گرنگەکەی ترامپ گیراوە، کە پێدەچێت لەو بڕیارە ناوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی تاران لە لیستی گرووپە تێرۆیستییەکان تۆمار بکرێت.

ئەگەرچی چەندین ساڵە حیزبی دێموکرات سپای پاسدارانی وەکوو سپایەکی تێرۆریستیی ناودێر کردووە و هەمیشە کردەوە تێرۆریستییەکانی بۆ کۆمەڵگای جیهانی ئاشکرا کردووە، بەڵام کۆمەڵگای جیهانی لەم بارەوە بە خەمساردیی و کەمتەرخەمییەوە لە هەمبەر کێشە و گرفتەکانی ئەو ڕێژیمە هەڵویستیان گرتووە.