کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ناتوانێت نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بشارێتەوە

20:18 - 18 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم هەڕەشە لە ئامریکا دەکەن و دەڵێن، ئەگەر سپا بە تێرۆریست لە قەڵەم بدەن ئێمەش کاری هاوشێوە دەکەین.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هۆشداری دایە واشنگتۆن و وتی: ئەگەر ناوی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر تۆمار بکرێت، ئێمەش کاری هاوشێوە دەکەین.

بە وتەی زەریف، ئەگەر ئامریکا سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر بخات، لە نێو ئێرانییەکان هێندەی‌تر لە بەرچاو دەکەوێت.

کۆشکی سپی حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە ئامریکا بەم زووانە ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە بەرجام و ئێران دەخاتە ڕوو و لەو نێوەدا یەکێک لە ڕوانگەکانی ئەوەیە کە سپای پاسداران وەک ڕێکخڕاوێکی تێرۆریستی لە قەڵەم بدات.

هەر لەو ڕۆژەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر ئامریکا سپای پاسداران وەک ڕێکخڕاوێکی تێرۆریستی بناسێنێت، دەبێ چاوەڕوانی وڵامی توند، لێبڕاو و دەمکوتکەرانە ببێت.

هەروەها پاسداری تێرۆریست محەممەد عەلی جەعفەریش، هەڕەشەی لە ئامریکا کرد و وتی: ئامریکا دەبێ بنکە نیزامییەکانی تا مەودای دوو هەزار کیلۆمێتری بکشێنێتەوە، هەتا لە مەودای مووشەکەکانی ئێمەدا نەبن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، پێش ئەوەی هەڕەشەی بێ‌بنەما لە ئامریکا بکەن، دەبێ چاو بە کردەوە تێرۆریستییەکانیان بخشێننەوە و بزانن چییان کردووە کە ئامریکا دەیەوێت ڕێکخڕاوی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر بخات.