کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرهەڵدانی قاچاغی منداڵ لە ئێران

20:37 - 18 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران خۆڵقێنەری دیاردە نالەبارەکانە و دیاردەیەکی نوێی نامرۆڤانە بە نێوی قاچاغی منداڵ لە ئێراندا سەری هەڵداوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ڕۆژنامەی ئارمان سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاو کراوە، قاچاغی منداڵ لە ئێران بە دەستی گرووپە مافیاییەکان دەکرێ و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لەم منداڵانە کەڵک لێ وەردەگیرێت و لە ڕیزی منداڵانی کار دان، بە وتەی بەرپرسانی بێهزیستی ڕێژیم ٦٠ هەتا ٧٠ لەسەدی ئەم منداڵانە ئێرانی نین.

دیاردەی منداڵانی کار لە ئێران کارەساتێکە، کە خۆڵقینەری ڕێژیمە و هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە لە لایەن ڕێژیم بەڕێوە ناچێت و تەنانەت چەندین گرووپی مافیایی پێک هاتوون کە منداڵانی ئێران بۆ کار کردن لە سەر شەقام ڕێک دەخەن و ناڕەوا کەڵکیان لێ وەردەگرن و لە لایەکی دیکەش بە قاچاغی منداڵ و هاوردنیان بۆ ئێران لە وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئەفغانستان و بڵاو کردنیان لە سەر شەقامەکان پەرە بەم کێشەیە دەدەن.

بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم ئامارێک لە منداڵانی ئەفغانی کە لە شەقامەکانی ئێران کار دەکەن، لەبەر دەست نییە و تەنانەت چارەنووسیان وەکوو پەنابەر دیاری نەکراوە و دیار نییە ئەم منداڵانە شەوانە دەچن بۆ ماڵ یان شوێنی ژیانیان دیار نییە.

تەنیا کارێک کە ڕێژیم لەو پێناوە دەیکات، ئەوەیە کە ئەم منداڵانە لە سەر شەقامەکان کۆ دەکاتەوە و جیا لە ڕێکخراوی بێهزیستی و شارەوانی کە ئەرکی دۆزینەوە و چارەسەر کردنی کێشەی ئەم منداڵانەیان لە ئەستۆ دایە، هێزە ئینتزامییەکانیش لە کۆ کردنی ئەم منداڵانە بەشدارن.

بەڵام بە کۆ کردنی ئەم منداڵانە هیچ شتێک چارەسەر نابێت و ڕێژیم لە مەڕ ئەم گرووپە مافیاییانە کە لە منداڵەکان بە شێوەی ناڕەوا کەڵک وەر دەگرن بەدواچوونەوە ناکات و تەنانەت بە گوشار هێنانی بۆ سەر منداڵەکان ڕوو لە گرووپە مافیاییەکان دەکەن و بە شێوەیەکی شاراوە کار دەکەن.

بە وتەی چالاکانی مافی منداڵان، دەبێ ڕێژیم هەوڵ بدات بۆ کۆ کردنی گرووپە مافیاییەکان، چالاکانی مەدەنی لەو باوەڕە دان کە بەشێکی کەم لەم منداڵانە لە گرووپە مافیاییەکانن، لە حاڵێکدا کە زۆربەیان بە هۆی هەژاری بنەماڵەکەیان و بێ‌سەرپەرەست بوون کار دەکەن و خەمی نان دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە دەست بە هەر کارێک بدەن.