کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پلەی ١٩ بێکاری لە جیهاندا هەیە

14:55 - 19 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سەندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕێژیمی ئێران ١٩ـەمین وڵاتی بێکار لە جیهان دایه.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ کە سەندووقی نێونەتەوەیی دراو بڵاوی کردووەتەوە، جێگای ڕێژیمی ئێران لە بواری بێکاری لە جیهاندا لە ماوەی ساڵانی ٩٢ هەتا ٩٥ی هەتاوی ١٠ پلەی دابەزیوە و هەنووکە ئەو وڵاتە پلەی ١٩ی بێکاری لە ئاستی جیهاندا هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پلەی ڕێژیمی ئێران لە ٢٩ گەیشتووەتە ١٩ کە ئەوەش بە مانای خراپتر بوونی دۆخی بێکاریە.

سەندووقی نێونەتەوەیی دراو لەو راپۆرتە نوێیەدا ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠١٦دا ٥/١٢ لەسەد ڕاگەیاندووە.

ڕێژیمی ئێران ساڵی ٢٠١٥ پلەی ٢٥ی هەبووە و ساڵی ڕابردوو ٦ پلە لەو ئاستە دابەزیوە.

سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، لە درێژەی ڕەوتی دابەزینی نرخی بێکاری لە ئێران بەتایبەت لە ٢ ساڵی ڕابردوودا، ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە نرخی ٢٨/١١% پلەی ٢٣ی لە نێو هەموو وڵاتانی جیهان بۆ خۆی تۆمار کردووە.

وەرزی هاوینی ئەمساڵیش عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەی هەیئەت ئۆمەنای زانکۆوەکانی زانستی پزیشکی ڕەخنەی لە دۆخی ئابووریی وڵات گرت و ڕایگەیاندبوو: خراپی باری ئابووریمان ئەو کاتە زیاتر دەر دەکەوێت کە چاو بە ئامارەکاندا دەخشێنین، بۆ وێنە لە بواری ئازادی ئابووریدا ئێران لە نێوان ٢٢ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوایین پلەی هەیە و لە نێوان ١٨١ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٧ی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە؛ یان لە باری بارودۆخی گشتی ئابوورییەوە ئێران لە بواری گەشەی ناپاقژی نێوخۆیی لە نێو ٢٤ وڵاتی ناوچە وڵاتی ١٠هەمە و لە نێو ١٩١ وڵاتی جیهانیش پلەی ٨٤ی هەیە.

دۆخی بێکاری لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا خراپتر بووە و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئێران لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.

بەشیک لەو وڵاتانەی کە لە باری بێکارییەوە دۆخێکی باشتر لە ئێرانیان هەیە بریتین لە: پاکستان، باهاماس، سورینام، تورکیە، مەراکش و فیجی.