کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی نەخۆشخانە مۆتەکەی خەڵکی شنۆ

14:57 - 19 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: نەخۆشخانەی شاری شنۆ، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان و کەرەستەی تایبەت زایینی ژنان هاووڵاتییانی ئەو شارەی بەرەوڕووی کێشە و گرفت کردووەوتەوە.

ژمارەیەک لە ژنانی شاری شنۆ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر نەبوونی کەرەستە پێویستەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە نامەیەکەیان بڵاو کردووەتەوە و داوایان کردووە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیه هەڵبگرن.

نەخۆشخانەی نەبی ئەکرەم هەتا ئێستا ژوورێکی تایبەتی بە کەرەستەی پێشکەوتووە بۆ منداڵبوون تێدا نییە و ژنان لە کاتی منداڵبووندا بۆ شاری نەغەدە بەڕێ دەکرێن و ئەمەش هەڕەشە لە گیانی ژنانی دووگیان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە نەبوونی کادر و پزیشکی شارەزا و پسپۆڕ لەو نەخۆشخانەیە بووەتە گرفتێکی دیکە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییان بە تەواوەتی لەو نەخۆشخانەیە هیوابڕاو بوون و تەنیا لە کاتی ناچاریدا سەردانی نەخۆشخانەی نەبی ئەکڕەم دەکەن.

بە وتەی هاووڵاتییانی شاری شنۆ ئەو نەخۆشخانەیە، لە سەردەمی شا دروست کراوە و بە شێوەیەکی ناسەردەمیانە دروست کراوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە پاش ئەوەی چەند ساڵ پێش ئێستا زەوییەکی تایبەتیان لە گەڕەکی سەیداوێ بۆ دروست کردنی بینای نەخۆشخانە تەرخان کردووە، هەتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ کارێکی لەسەر نەکراوە.

کێشەی چەندین ساڵەی نەخۆشخانەی شاری شنۆ لە کاتێک دایە کە بەربژێرەکانی شۆرای ئەو شارە لە کاتی هەڵبژاردنەکان وادەی چارەسەریی کێشەی ئەو نەخۆشخانەیان بە خەڵک داوە.