کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناساندنی نەتەوەی کورد وەکوو \"قەوم\" لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە

15:10 - 19 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی فاشیستیی ئێران بە دڕێژەدان بە سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کورد و سووکایەتی کردن بە خەڵکی کوردستان، لە هەوڵ دایە بیرۆکەی سەربەستی و ئازادیخوازی لە نێو خەڵک بکوژێت.

جێگری سیاسی و ئەمنییەتی پارێزگاری ئیلام، لە دانیشتنێک لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لەگەڵ سەرۆک هۆزەکان و ڕیش سپییەکانی ئیلام، نەتەوەی کوردی بە قەوم پێناسە کرد و وەکوو هەمیشە کوردی وەکوو سنووردارانی بوێر ناساند.

رێژیمی فاشیستیی ئێران هیچ کاتێک ئەو ڕاستییەی قەبووڵ نەکردووە، کە کورد نەتەوەیە و بە بەردەوامی نکۆڵی لێ دەکات و لە سەر بیرۆکەی خەڵک کار دەکات، کە پێچەوانەی ڕاستییەکان بسەڵمێنێت.

حوسێن کەڵانتەری جێگری سیاسی و ئەمنییەتی پارێزگاری ئیلام، لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە خەڵکی کورد بەتایبەت ئیلام ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی ئێران بووە و خۆیان لە شەڕی ئێران و عێراق نیشان داوە.

ئەمە لە حالێک دایە کە ئەو شەڕە، شەڕی فارس و عەرەب بووە و لەم نێوانەدا کورد بە بێتاوان کوژراوە و ئەگەر لە شارەکانی کوردستان خەڵکی کورد بە دژی بەعس چەکیان بە دەست گرت، ئامانجیان پاراستنی ڕێژیمی ئێران نەبوو و تەنیا بۆ پاراستنی خاکی خۆیان و بەرگری کردن لە ژن و منداڵیان بەشداریان لەو شەڕە کردووە.

لە درێژەی قسەکانی حوسێنی کەڵانتەری، دەستی لە سەر ئەو خاڵە داناوە کە هۆز و خێڵەکانی ئیلام، بە بێ‌کێشە لەگەڵ یەک دەژین و دەبێ کوولتوری خێڵەکیی خۆیان بپارێزن.

لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت کە نەتەوەی کورد بە خێڵ و هۆزکانییەوە هەزاران ساڵە بە یەکگرتوویی لە ناوچەکانی جیاوازی کوردستان، بە بێ‌کێشە دەژین، بەڵام ڕێژیمە فاشیستەکانی ئێرانن کە ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیان گرتووتە بەر کە بە دروست کردنی کێشە و گرفت لە نێوان خێڵەکانی کوردستان هەوڵ دەدەن کە یەکگرتوویی نەتەوەیی لە کورد بستێنن.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئێران بە کۆ کردنەوەی سەرۆک هۆزەکان و ڕیش سپییەکان ئەو ئامانجە پەیڕەو دەکات، کە کەڵکی ناڕەوایان لێ وەربگرێت و لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی بەکاریان بیهێنێت.