کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵان کردنی ١٥ هەزار میلیارد تمەن، لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییانی ئێران

21:42 - 19 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیتەی توێژینەوە و بەدواداچوونی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان وتوویە: بڕی ١٥ هەزار میلیارد تمەن لەم سندووقە دزراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم جەبار کووچکی‌نژاد، سەرۆکی کۆمیتەی توێژینەوە لەسەر سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان، ئێوارەی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، وتوویە: ڕاپۆرتی کۆتایی توێژینەوە لە سەر سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان ٤ هەزار لاپەڕەیە، کە تێیدا باس لە دزین و بێسەر و شوێن بوونی ١٥ هەزار میلیارد تمەن کراوە.

بە هۆی گەندەڵی دارایی لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان لە دوو ساڵ پێشەوە لە نێوان دوو باڵی پشتیوانی حکوومەتی ڕۆحانی و ڕەخنەگرانی ململانێی و گرژی ساز کردووە.

ئەم دۆسییە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران، لە هاوینی ساڵی ڕابردوو، بە دەسبەسەر کردنی شەهابەدین غەندالی کارگێڕی گشتیی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان؛ لەلایەن هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئاشکرا کرا.

هاوکات لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە نوێنەری پارێزگای هەمەدان گەندەڵیی دارایی لەم سندووقەی نزیک بە ٨ هەزار میلیارد تمەن بەراورد کرد و رایگەیاند، کە دۆسییەکەی ڕادەستی دەزگای قەزایی و دامەزراوە چاوەدێرییەکان کراوە و چەندین کارگێڕی ئەم سندووقەش دەسبەسەر کراون.

هەروەها چەند ڕۆژ پاش لێدوانی نوێنەری هەمەدان، نوێنەری سەبزەواریش (حوسێن مەقسوودی) لە مەجلیسی ڕێژیمدا، هەواڵی دەسبەسەر کردن کارگێڕی گشتیی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییانی لەگەڵ خێزان و منداڵێکی پشتڕاست کردەوە و وتی: غەندالی ٣ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەنی لەم سندووقە دزیوە.

ساڵێک پاش ئەوەیکە لە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی شاندێکی تایبەت بۆ توێژینەوە و تاوتوێ کردنی ئەم دۆسییە، هەنووکە جەبار کووچکی‌نژاد ڕایگەیاندووە: ئەم بڕە دراوە دوو بەرانبەری ئەوەیە کە پێشتر ڕاگەیندراوە، بە وتەی ناوبراو، ١٣ هەزار میلیارد تمەن لە بانکی سەرمایە و ١٥٠٠ میلیارد تمەن لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان و کومپانیای ژێرکۆمەڵەکان دزراوە.

سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان ٢٧ کومپانیای ژێرکۆمەڵی هەیە، کە لە بواری جۆراوجۆر چالاکە و پشکداری سەرەکییەکەی بانکی سەرمایەیە.

ئەم تاڵان و دزییانە لە دامەزراوەکانی سەر بە ڕێژیم کە هەر ڕۆژ لە هەواڵدرییەکانی خۆیان بڵاو دەبێتەوە، لە حاڵێک دایە کە خەڵکی ئێران و بەتایبەت خانشینە فەرهەنگییەکان هێندە لە ژێر گوشاری ئابوورین، کە پاش تەواو بوونی ماوەی خزمەتەکەیان ناچارن بە تەمەنی پیرییەوە درێژە بە کار کردن بدەن و ئەو کاتانەی کە دەبێت لە گەشت و گەڕان و پشوودا بن، لە حاڵی کار کردن بۆ بژیویی ژیانیان تێدەپەڕێت. هەروەها لە ژێر سێبەری ئەم دزی و تاڵانانەی بەرپرسانی ڕێژیم هەموو ساڵێک لە لایەن قوتابخانەکانەوە گوشار دەخرێتە سەر قوتابیان کە بۆ نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان لە سەرەتای ساڵدا یارمەتی ماڵی بە قوتابخانە بدەن، دەنا ناویان تۆمار ناکرێت و ڕێگای خوێندنیان لێ دەگرن.