کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنی کۆرپەلە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران

14:50 - 20 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە ئاگانامەیەکی سەرنجڕاکێش و دڵتەزێن لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوێنە گشتییەکاندا نووسراوە: ئەگەر کۆرپەلەتان دەوێت لە رێگای ئەو شومارەیەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن.

ئەگەر کۆرپەلەتان دەوێت و دەتانەوێت سەرپەرەستییەکەی لە ڕۆژی یەکەمەوە وە ئەستۆ بگرن بەو شومارەیە پەیوەندی بکەن؛ ئەوە نووسراوەی سەر ئاگانامەیەکە کە لە شەقامەکانی ئێرانی ژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی بڵاو بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاگانامەیەک بۆ فرۆشتنی منداڵی لە دایک نەبوو، لە شاری مەهاباد بڵاو بووەتەوە، کە سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

هەروەها لە ئاگانامەیەکەی هاوشێوەدا لە شاری ورمێ بانگەشە بۆ فرۆشتنی ڕەشێنەی چاو کراوە.

کڕین و فرۆشتن کۆرپەلە و بە کرێدانی منداڵان، لە زاری بەرپرسانی ڕێژیم پشتڕاست کراوەتەوە و حەبیبوڵلا مەسعوودی فەرید، جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەم دیاردەیە کردووە و وتبووی: کرێی مانگانەی هەر منداڵێک لە نێوان ٥٠ هەتا ٧٠ هەزار تمەنە.

لە هەندی حاڵەتی‌تردا دایک و باوکان منداڵ و کۆرپەکانیان بە ٥٠٠ هەزار هەتا ٧ میلیۆن تمەن دەفرۆشن.

ئەو ئاگانامە و لێدوانانەی خەڵکی ئێران و بەرپرسانی ڕێژیم باس لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێران دەکەن، کە خەڵک لە ژێر گوشاری سەختی ئابووریدا دەژین و توانانی دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆیان نییە، دەنا کێ دڵی دێت منداڵەکەی یا کۆرپەلەکەی بفرۆشێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ، کە سەندووقی نێونەتەوەیی دراو بڵاوی کردووەتەوە، جێگای ڕێژیمی ئێران لە بواری بێکاری لە جیهاندا لە ماوەی ساڵانی ٩٢ هەتا ٩٥ی هەتاوی ١٠ پلەی دابەزیوە و هەنووکە ئەو وڵاتە پلەی ١٩ی بێکاری لە ئاستی جیهاندا هەیە.

ڕاپۆرتی ساڵانەی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو و ڕاپۆرتەکانی کە لە نێوخۆی ئیڕان بڵاو دەبنەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیمی ئیسلامیی هیچ بایەخێک بە ئابووری خەڵک نادات و هاوشێوەی کورەی باکوور لەگەڵ خەڵکی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن.