کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی یۆنیسکۆ بێ ئامریکا دەبێت

15:08 - 21 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئیسرائیل بڕیاریان داوە لە ڕێکخراوی یۆنیسکۆ بکشێنەوە و ئەو بڕیارەش تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان؛ ئامریکا بڕیاریدا له ڕێکخراوی یۆنیسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بکشێتەوە و هۆکاری چوونەدەر لەو ڕێکخراوەیەشی بۆ کەمتەرخەمیەکانی نێو ڕێکخراوەکە و هەروەها دژایەتی ئەو ڕیکخراوە لەگەڵ ئیسرائیل گەڕاندەوە.

هێزەر ناوئۆرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی پـێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە بەیانـنامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئیرینا بۆکۆڤا بەڕێوەبەری یۆنیسکۆی لە بڕیارەکەی ئامریکا بۆ کشانەوە و خواستی بۆ بوون بە چاودێرێکی بەردەوام ئاگادارکردووەتەوە. لەو بەیانییەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە بە ئاسایی نەدراوە، بەڵکوو لە ئەنجامی نیگەرانیـیەکانی ئامریکایە لە بەرامبەر دواکەوتنی پـێدانی پارەکانە لە ناو یۆنیسکۆدا.

لەم بەیانییەدا هاتووە ڕێکخراوی یونیسکۆ بەردەوامە لە لایەنگری دژی ئیسرائیل و ئەو ڕێکخراوە پـێویستی بە چاکسازی بنەڕەتیـیە.

پاش ئەم بڕیارەی ئامریکا، ئیسرائیلیش ڕایگەیاند دەچێتە پاڵ ئامریکا و لە یۆنیسکۆ دەکشێتەوە.

ئیدارەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیانـنامەیەکدا باسی لەوە کردووە سەرۆک وەزیر، وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە ئامادەکاری بکات بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە یۆنیسکۆ.

ئیسرائیل بڕیارەکەی ئامریکای بە بڕیارێکی بوێرانە ناودێرکرد و ڕایگەیاندووە یۆنیسکۆ بووەتە شانۆیەک بۆ سەرلێشێواندن و لە بری مێژوو بپارێزێت کەوتووەتە شێواندنی مێژوو.

ڕێکخراوی یۆنیسکۆ ساڵی ١٩٤٥ بۆ گرنگیدان بە پەروەردە و فێرکردن، زانست، ڕۆشنبیری و کولتور و مێژوو لەسەر ئاستی جیهاندا دامەزراوە.