کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکان لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کراون

15:43 - 21 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کاناڵی ماهوارەیی اخبار الآن لە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕاپۆرتێکی لەبارەی خەباتی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەیەکە لە سنووررەکانی کوردستان جێگیر بووە و دەستی بە خەباتی نوێی خۆی کردووە و بەردەوام و بە شێوەیەکی چڕوپڕ ڕاهێنان و مەشقی نیزامی بە پێشمەرگەکانی دەکات.

بەهمەن دێهقان یەکێک لە فەرماندەرانی هێزی تایبەتی حیزبی دێموکرات لە وتووێژ لەگەڵ ئەو کاناڵە عەرەبیە باسی لەوە کردووە: ئێمە بەرەڕووی دوژمنێکی دڕەندەین؛ بۆیە بەردەوام مەشق و ڕاهێنان دەکەین و دەبێ ئامادەیی نیزامی و جەستەییمان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە دوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر باشوور زیادی کردووە و ڕێژیمی ئێران و تورکیە و هەروەها بەغدا فشاریان بۆ سەر هەولێر هێناوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە کوردستانی گەورە لە نێوان چوار وڵاتی ناوچەکەدا دابەش کراوە و هەر بەشێکی کوردستان بۆ ڕزگاریی خاکی کوردستان خەبات دەکات و ئەگەر ڕۆژێک کوردستان ئازاد بکرێت ئەوا دەوڵەتی گەورەی کوردستان لە ناوچەکەدا دروست دەبێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە دوای جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە شاخەکانی کوردستان ڕێژیمی ئێران هێزێکی زۆری لە شاخەکانی زاگرۆس جێگیر کردووە و چاودێری بە سەر ناوچەکەدا دەکات.

ئەو ڕاپۆرتە باسی لە کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتیش کردووە کە بە هۆی نەبوونی هەلی کار لە ئێراندا ڕوو لە پیشەی پڕ مەترسی کۆڵبەری دەکەن و گیانیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەترسی دایە.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە هێزەکانی پێشمەرگە سەرەڕای مەترسییەکان، گۆرانی و ئاهەنگی کلاسیکی کوردەواری دەڵێن کە باس لە خۆشەویستی وڵاتی کوردستان دەکات.