کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی گوندی سێوچ قەیراناوییە

15:45 - 21 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: گوندی سیوچ سەر به شاری بانه بە هۆی کەمتەرخەمیی ئەنقەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تووشی قەیران بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دانیشتوانی گوندی سیوچ بە ھۆی كەمتەرخەمی ئەنقەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر تووشی قەیران دەبن و بەرپرسانی ڕێژیم نیسبەت بەو دۆخە بێدەنگن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، نوێترین قەیران كە تووشی خەڵک و دانیشتوانی ئەم گوندە بووەتەوە نەبوونی ئاوی خواردنەوەیە
كە چەند ڕۆژێكە خەڵکی ئەو گوندەی شارەی بانە شاھیدی ئەوەن كە بە تانكر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دێت.

ئەمە لە كاتێك دایە كە ھیچ كەس لە خاوێنی ئەو ئاوە ئاگادار نییە و نازانن لە كوێوە ئەم ئاوە دەھێنن و دەرخواردی خەڵکی ئەو گوندەی دەدەن و ئەو ئاوەش تامی ژەنگ دەدات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە كاتێك ئێمە نیسبەت بەم دۆخە قسە دەکەین و ئەو باسانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەبنەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تەلەفوونەمان بۆ دەکەن كە ئێوە بێ ئینسافن و ئێمە بەردەوام خەریكی خزمەتگوزارین.

گوندی سیوچ لە ڕیزی ئەو گوندانە دایە كە ھێشتا ڕێژەی دانیشتوانەكەی ڕوو لە زیاد بوونە بەڵام ھێشتا ھێڵی تەلەفوونی سابتی نییه.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، ھەشت ساڵ لەوە پێش كە گاز ھات كووچە و كۆڵانەکان ھەڵكەندران بەو حاڵەوە بەجێیان ھێشت كە ئێستاش ھیچ لایەنێک نەیگرتووەته ئەستۆ.

لەو پێوەندییەدا خەڵکی ئەو گوندە کە بۆ بەدواداچوونی ئەو کێشانە دەکەن بەخشداری ڕێژیم دەڵێت ئیدارەی گاز بەرپرسیارە و ئیدارەی گازیش دەڵێت دەمێكەیە جەریمەمان داوە.

هەروەها کێشەی دیکەی ئەو گوندە نەبوونی پارک و شوێنی یاریی منداڵانه و قوتابخانەی سەرەتایی عیلمی سیوچ ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە وێرانییە و لە وەرزی بەفر باریندا مەترسی داڕمانی ھەیە.

كتێبخانەی ئەو گوندە كە چەند ساڵ لەوە پێش داندرا كتێبەكانی لە بینای دێھیاریدا لەژێر تۆزدا دیار نینە و هەروەها بینای دێھیاری ڕوو لە، لە ناو چوونە.

هەروەها ھێڵی ئێنتێرنێت ھیچ كە كار ناكات لە زۆر شوێن گوشی ئانتین ھەر ناھێنێت.

كارەبای ئاوایی بە ڕێژەیەكی زۆر لاوازە كوچە و كۆڵانەكان لە ورزی باران و بەفردا ھاتوو چۆیان پێدا ناكرێت ئاوەڕۆی ماڵان غەیرە موھەندسی دەركراوە و ھەر ڕۆژە شاھیدی گیرانی لوولەكانین لە كۆڵانەكاندا جادەی سیوچ نیوەی قیرەتاو كرا و نیوەكەی تریش بە ئەمانی خوا وێڵیان كردوە.

دانیشتوانی ئاوایی_سیوچ دەلێن پێمان وایە ئێمە خەڵكی وڵاتێك یا قاڕەیەكی ترین کە ئاوها پشت‌گوێ خراوین.

بەوتەی ئەم خەڵکە ڕێژیم جیا لە بێكاری ،ھەژاری و كێشەو گرفت هیچ کارێکی دیکەیان بۆ ئەوان نەکردووە.