کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی ڕێژیم دژی کوردستان بەردەوامە

14:56 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هەوڵە نگریسەکانیان بۆ پەلکێش کردنی لاوان بۆ نێو دەزگای بەدناوی بەسیج چەند پیلانێکی نوییان خستۆتە گەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پەلکێش کردنی لاوان و خەڵکی ناوچە بۆ نێو ڕیزەکانی بەسیج لە دێهاتەکانی سەرشیوی سەقز دەستیان داوەتە هەندێ کاری بەناو خزمەتگوزاری کە لە ئەساسدا هیچ پەیوەندیێکی بەو ڕێکخراوەوە نییە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هێزەکانی سپای ڕێژیم ڕاستەوخۆ بە کرێکار و مەساڵحی بیناسازی خۆیانەوە لە چەندین گوندی ناوچەی سەرشیوی سەقز وەک حاجی عەبدول، سماقڵوو، حاجی مەمەدان، باخچەڵە و چەندین گوندی دیکە دەستیان داوەتە دروست کردنی دیواری حەوشەی مەدرەسەکان و دروست کردن و تەعمیر کردن و کاشیکاری کردنی مزگەوتەکانی ئەو گوندانە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها باسی لەوە کرد لە کاتی کار کردندا ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستی و لە ئینسانیەت بێبەشە بەردەوام بانگەشەیان بۆ سازمانەکەیان کردووە و هەوڵیان داوە ڕواڵەتی ڕێکخراوەکەیان لەلای خەڵکی ئەو گوندانە شیرین بکەن و ئەوەندەی بۆیان لوابێت کارەکەی خۆیان بە پڕبایەخ لە قەڵەم داوە.

ئەم هەوڵە نەزۆکانەی ڕێژیم لە کوردستان لەحاڵێکدا دەبیندرێن کە گەلی وشیاری کورد، بەتایبەت لاوانی کوردستان بەباشی لە ویستەکانی ڕێژیم تێگەیشتوون و لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا نیشانیان داوە کە فریوی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رێژیم ناخۆن.