کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعوودیە و ئیسرائیل پێشوازییان لە ستراتیژی نوێی ئامریکا کرد

15:49 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دوای ئاشکراکردنی ستراتێژی نوێی ئامریکا لە لایەن دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل پشتیوانییان لە بڕیاری ئامریکا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دوای ئەوەیکە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، سەرکۆماری ئامریکا ستراتێژی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند دوو وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل پشتیوانییان لە هەڵوێستەکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران کرد.

دەوڵەتی سعوودیە لە بەیانییەیەکدا سەرەڕای پشتیوانی لە هەڵوێستی نوێی ئامریکا دژی ئێران ڕایگەیاند بۆ دژایەتی لەگەڵ کردەوە تێکدارانە و دوژمنکارانەی ڕێژیمی ئیران لە ناوچەدا یارمەتی کۆمەڵگای جیهانیش دەکات.

لەو بەیانییەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزمی ناوچەکەدا دەکات و یارمەتی بە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشا حوسییەکان دەدات.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن و پشتیوانیی دارایی لە شیعە حووسییەکان، لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئاسایش و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە بە قازانجی خۆی تێک بدات.

عادل ئەلجوبەیر وەزیری کاروباری دەرەوەی سعوودیە هەروەها باسی لەوە کردبوو که؛ ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئێمەدا تۆڕی تێرۆریستی پێک دێنێ و بەرپرسانی تاران، وڵاتی ئێمە ناسەقامگیر دەکەن و پشتیوانیی لە حیزبوڵڵا، حووسییەکان و گرووپە جیاوازە تێرۆریستییەکانی سووریه دەکەن.

لە دوای سەفەری دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا بۆ سعوودیە، ڕێکس تێیلێرسن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لەوە کردکە فرۆشتنی چەک‌وچۆڵ بە عەرەبستان پەیامێکە بۆ ڕکابەری سەرسەختی سعوودیه، واتە ئێران.

ڕێکەوتی ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦ ی هەتاوی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە سەردانی فەرمیی خۆیدا بۆ ڕیاز پێتەختی عەرەسبتانی سعوودی باسی لە هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەکە کرد.

هەروەها ئیسرائیل کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردنی دەکات، پشتیوانی خۆی لەو هەڵوێستەی ئامریکا دەربڕی.

ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، دانڵد ترامپ لە موزەی ئیسرائیل باسی لەوە کردبووکە حەماس و حیزبوڵڵا هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئەمنییەتی ئەو وڵاتە و ئەوەش جێگای قەبووڵ نییه.

ڕایشیگەیاند: ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا دەیانهەوێت ئیسرائیل لەنێو ببەن، بەڵام تا کاتێک من هەبم ناهێڵم سەرکەون.

پێوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌ره‌بستان و ئێران پاش ڕووداوی هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی عه‌ره‌بستان له‌ تاران و ئاگرتێبه‌ردانی كونسوولگه‌ری عه‌ره‌بستان له‌ مه‌شهه‌د ئاڵۆز بووه‌ و عه‌ره‌بستان پاش ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ دیپلۆماتیكییه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ دیپلۆماتیكییه‌كانی خۆی له‌ ئێران، هه‌موو پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران پچڕاندووه‌.

پیویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە دانڵد ترامپ لە کاتی بانگەشەکانی پێش لە هەڵبژاردن سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی و ڕۆڵی ئێران لە ناوچە و جیهان بەفەرمی ڕایگەیاندبوو کە ئێران هۆکاری بشێوی و قەیرانەکانە و بەرجامی وەک پەڵەیەکی ڕەش ناوبردبوو کە دەبێ هەڵبوەشێندرێتەوە.