کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆیستەکانی یەمەن ڕایانگەیاند توانای دروستکردنی موشەکە بالستیکییەکانیان بەدەست هێناوە

20:15 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دەستتێوەردانە بەردەوام و فراوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە بووەتە هۆی گەشترکردنی ئاگری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگری لە جێگیر بوون و هێوربوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە دەکات.

بەپێی هەواڵە بڵاو بووەکان محەمەد عەلی حوسی بەرپرسی کۆمیتەی بەرزی ڕاپەڕیوانی یەمەن، لە لاپەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: (یگان موشکی شورشیان) بەم زووانە دروستکردنی موشەکی بالستیک ڕادەگەیێنن.

شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٦ لە بڕیارنامەیەکدا هەرجۆرە ناردنێکی چەک بۆ میلیشیا شیعەکانی حوسی قەدەغە کرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە بەهاری ١٣٩٦ لە هەواڵێكی تایبەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بڵاوی کردبووەوە کە ناوگانی ڕێژیمی ئێران چ لە ڕێگەی سۆماڵ یاخود بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی یەمەنەوە چەک و چۆڵ بۆ میلیشیا حوسییەکان دەنێرێت. سوپای تێرۆریستی پاسداران دوای زیادبوونی چاودێری لەسەر ڕێگە ئاوییە ئاساییەکان، لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەشتی بچوکتر ڕێگەی ئاوی لە باکووری کەنداو کە چاودێری کەمتری لەسەرە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەکاردە‌هێنێت.

ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی بەردەوامی ماڵی و نیزامی لە گروپە تێرۆریستەکان لە ناوچەکە ڕێگری لە دروستبوونی ئاشتی و ‌هێوربوونەوەی بارودۆخی وڵاتانی ناوچەکە کردووە.