کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. ئیدریس ئەحمەدی: سیاسەتی گوتاریی یان زارەکی ئەمریکا گۆڕاوە، بەڵام هێشتا سیاسەتی گۆڕینی ڕێژیم لە ئارادا نییە و ئامادەش نییە لە ئێستادا تێچووی گۆڕینی ڕێژیم وە ئەستۆ بگرێ

20:18 - 22 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی كوردستان میدیا لە سەر پرسی ڕاگەیاندنی ستراتێژی نوێی ئامریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و بەرنامەی ناوکی ڕێژیم وتووێژێکی لەگەڵ د. ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە سیاسەتی دەرەکی ئامریکا پێکهێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١- دانلد ترامپ ستراتێژی ئامریکای دژ بە ڕێژیمی ئێران خستەڕوو، بەپێچەوانەی شرۆڤەی شرۆڤەکاران کە باسیان لەوە دەکرد بەرجام هەڵدەوشێتەوە و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەخرێتە لیستەی تێرۆرەوە بەڵام بەپێچەوانە وانەبوو، هۆکارەکانی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

دوو هۆی سەرەکی هەیە. یەکەم، ڕێککەوتنی ناوکی، سەرەڕای کەموکۆڕییەکانی و سەرەڕای ئەوەی چارەیەکی کاتییە بۆ قەیرانی ناوکیی ئێران و ناتوانێ دواجار ڕێگا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بگرێ لە وەدەستهێنانی چەکی ناوکیی، بە هۆی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی و تا ڕادەیەکیش نێوخۆیی کە بۆ ئەو ڕێککەوتنە هەیە، دەستی ئیدارەی ترامپی بەستووەتەوە. ئامانجی ئوباما و ئێرانیش هەر ئەوە بوو، کە دەستی ئیدارەکانی دوای ئیدارەی ئوباما ببەسترێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە دژوار و پڕهەزینە بێ.

دووهەم، ئەمریکا بەدیلێکی باشتر یان ڕوونی بۆ ئەم ڕێککەوتنە نییە.

لە باتی ئەوەی باس لە ستراتیژییەکی تەواو داڕێژراو بکرێ، باشتر وایە باس لە هەنگاونان بەرەو داڕشتنی سیاسەتێکی نوێی ئەمریکی بەرانبەر بە ئێران بکرێ. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئامانجی کۆتایی سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران ڕوون نەبووەتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەمریکا ئێستاشی لە گەڵ بێ دواوێستگەی سیاسەتی خۆی لەهەمبەر ئێران ڕوون نەکردووەتەوە.

مەترسیگەلێک لە سەری ئاسایشی نێودوڵەتی کە لە کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن، تەنیا سنووردار نین بە پرۆژەی ناوکیی ئێران؛ کۆماری ئیسلامی سەرەکیترین پشتوانی تێرۆریزمە لە دونیادا؛ هەروەها لە پێناو زاڵبوون بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا، پێکهێنانی ناسەقامگیری کردووە بە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی خۆی.

سروشتی دیکتاتۆریی و تایەفەگەریی ڕێژیمی ئیسلامی لە تاران وێڕای ستراتێژی بەرفراوانخوازیی ئێران ناکرێ بێجگە لە تیرۆریزم، بڵاوکردنەوەی تایەفەگەریی و لە درێژەدا، پێکهێنانی ناسەقامگیری، دەرکەوتەی دیکەی هەبێ. ئەوەی کە دواجار دەتوانێ کۆتایی بەم بارودۆخە بێنێ یان ئەوەیە تەواو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تەسلیمی ئێران ببن و هەروەها زلهێزان لەناوچەکەدا پاشەکشە بکەن یان ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕێژیم لە تاران بگۆڕن.

من پێم وایە سیاسەتی گوتاریی یان زارەکی ئەمریکا گۆڕاوە، بەڵام هێشتا سیاسەتی گۆڕینی ڕێژیم لە ئارادا نییە و ئامادەش نییە لە ئێستادا تێچووی گۆڕینی ڕێژیم وە ئەستۆ بگرێ.

٢- ئایا هەڵوێستی یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی ڕاگرتنی بەرجام لە سەر بڕیاری ئامریکا کاریگەری هەبووە؟

بێ شک وایە. سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، زلهێزێک وەک ئەمریکاشی لە گەڵ بێ، هەمیشە بەرەوڕووی بەربەستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە. بارودۆخی دوای ١١ سێپتامبری لێ بەدەر، کە بارودۆخێکی ڕیزپەڕ بوو و وەک دەڵێن دەروازی دەرفەتی بۆ ئەمریکا کردەوە تاکوو جەسوورانە بجوڵێتەوە، ئەمریکا بە هۆی بەربەستی سیاسەتی نێوخۆیی و بەربەستەگەلێک لە ئاست نێودەوڵەتیدا، ناتوانێ هەمیشە ئامانجی ستراێتژیکی ڕوونی هەبێ یان بە سانایی و لە کورتمەودادا بە ئامانجەکانی بگا.

بێجگە لە وڵاتانی ئەورووپی، کە نیگەرانی ئەوەن شەڕێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەرژەوەندییە وزەییەکانیان بخاتە مەترسییەوە و هەروەها بە هۆی نزیکی جوگرافیی پەنابەرێکی زۆر ڕوویان تێ بکا، ڕووسییە و چینیش لە گەڵ ئەوەی نایانهەوێ ئێران ببێ بە خاوەن چەکی ناوکی و چوار جار پشتیوانیان لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێراندا کردووە لە کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانیش دژ بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەن.

٣- بەپێی ئەوەیکە هەر ٣ مانگ جارێک دەبێ ترامپ زانیاریی نوێ لەبارەی بەرجام بدات و بەرنامە دژی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێتە بەر ئەگەری ئەوە هەیە سپای پاسداران بە فەرمی بخرێتە لیستەی تێرۆرەوە؟

ئەو ئەگەرە هەیە، بەڵام لەلایەک بەندە بەوەوە کە سپای پاسداران درێژە بە کاری تیرۆریستی بدا و لەلایەکی دیکەوە پێداچوونەوەیەک بە ڕێککەوتنەکەدا نەکرێ کە هێندێک لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە خۆ بگرێ.

سپا زۆرتر کاری تیرۆریستی بە وەکالەت دەکا. لەمەوبەدوا زۆرتر خۆدەپارێزن لەوەی دەستیان لەو کارە تیرۆریستییانە ئاشکرا ببێ. هەروها ئەگەری زۆرە کە پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنەدا بکرێ، بە تایبەت پاش ئەوەی ئێران لە ڕێگای عومانەوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەنگاوێکی وا بەڵام حەسەن ڕوحانی پێداچوونەوە بەسەر ڕێککەوتنەکەی ڕەد کردۆتەوە. وڵاتانی ئەورووپیش بۆ ڕێگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، لەمەوبەدوا زۆرتر هەوڵی دیپلۆماتیک دەدەن بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕێککەوتنە. ئەگەر ئەوە بکرێ، دژوار دەبێ بۆ ئیدارەی ترامپ کە سپا بخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە.

بەڵام ئەمریکا هاوکات دەیهەوێ مەسەلەی ئەتۆمی لە خەتەرەکانی دیکە جیا بکاتەوە. هەروەها ئەگەری زۆرە ترامپ ڕێککەوتنەکە هەڵنەوەشێنێتەوە و ئێران هەر درێژە بە ناسەقامگیری بدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوینداو لە ژێر رەخنەی نێوخۆییدا، سپا بخاتە لیستی تیرۆرەوە. پێم وایە ئێران دەس لە سیاسەتەکانی هەڵناگرێ، بۆیە ئەمریکا دواجار لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕووبەڕووی سپا دەبێتەوە، جا چ بیخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە یان نا.

٤- ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا سەرەڕای ئەوەیکە پشتیوانیان لەو بڕیارەی ترامپ دەربڕیوە بەڵام ڕەخنەشیان گرتووە کە ئەو کردەوەیەی ترامپ زۆر عەمەلی نییه و دەبیتە هۆی بەهێز بوونی ئێران ڕای ئێوە لەم باریەوە چیە؟

ئەو ڕەخنەیە دانپێدانانە بەوەی کە ئەمریکا بەدیلی بۆ ئەو ڕێککەوتنە خەوشە نییە.

تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترامپ، بە تایبەت لەهەمبەر ئێران، بریتییە لە قورسایی‌خستنە سەر سیاسەتی گوتاری یان زارەکی. هەرکاتێک لایەنێکی سیاسیی قورسایی دەخاتە سەر سیاسەتی زارەکی، زۆرتر لە نەبوونی بژاردەی کردەکیدایە.

لە سیاسەتی تووندی زارەکیدا بەبێ ئەوەی کار بۆ ئامانجێکی ڕوونی ستراتێژیک بکرێ، دەتوانێ بەو مانایە بە سوودی ئێران بێ کە ئەمریکا لە هاوپەیمانانی دوور بخاتەوە. رەنگ بێ مەبەستیان لە بەهێز بوونی ئێران ئەوە بێ. هەروەها نەتەوەی فارس زۆرتر دەنیشنە پشت ڕێژیم.

بەڵام من وای دەبینم کە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ، ئێران لاواز دەکا. ئێران دەیهەوێ بە مەرجی خۆی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دانی پێدا بنرێ و لە بڕیاردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پشکی هەبێ. سیاسەتی ئوباما زەمینەی بۆ ئەوە خۆش کردبوو، بەڵام سیاسەتی ترامپ ئێران لەوە بێ بەری دەکا و پێشبینی دەکەم دواجار تەنانەت پاشەکشە بە ئێران بکرێ لە ناوچەکەدا. سرنج بدەن، کاردانەوەی حەسەن ڕۆحانی زۆر بە ڕوونی ئەوەی سەلماند. ئەگەر سیاسەتی گوتاری ئیدارەی ترامپ بێ باندۆڕ بایا، سەرانی ئێران ئەوا تێک نەدەچوون.

٥- پشتیوانی دوو وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل چ کاریگەرییەکی لە سەر ئێران و بڕیارەکانی داهاتووی ترامپ لەبارەی ئێراندا دەبێت؟

ستراتیژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بریتییە لە ڕاگرتنی پارسەنگی هێز. لە زۆر شوین وتوومە کە ئەم گۆڕانە لە ستراتیژی ناوچەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە دەورەی دووهەمی ئیدارەی بووشدا ڕوویدا و ئوباما و ترامپ درێژەدەری ئەو ستراتیژییەن. ستراتیژی دەورەی یەکەمی ئیدارەی بووش، ستراتیژی گۆڕینی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان و بڵاوکردنەوەی دێموکراسی بوو. پاش فەشەلهێنانی ئەو ستراتیژییە لە عێراق، ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکا کە هیچ هێزێکی نەیار بەسەر ناوچەکەدا زاڵ نەبێ.

لێرەدایە ئەمریکا هەوڵ دەدا بە سەرکردایەتی خۆی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دژ بە ئێران پێک بێنێ. سعودییە و ئیسرائیل دوو لایەنی سەرەکی ئەو هاوپەیمانییەن. ئەرکی ئەوان ئەوەیە کە لە هێندێک شوێنی ناوچەکە، پاشەکشە بە ئێران بکەن. بەڵام یەمەن و تا ڕادەییەک سوریای لێ بەدەر، ئەو دوو وڵاتە کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە. ڕاستییەکەی، لێدانی حوسییەکان لە یەمەن و لێدانی حیزبووڵا و حەشدی شەعبی لە سووریە، زۆرتر ڕێگرتنە لە بەرفراوانخوازیی ئێران، نەک پاشەکەشە پێکردنی. مەیدانی سەرەکی بۆ پاشەکشەکردن بە ئێران لە عێراقدایە، کەچی لەوێ سیاسەتی هەڵەی ئەمریکا و سعودییە نەیتوانیوە تاکوو ئێستا دەسکەوتی هەبێ.

هەڵبەت گومانی تێدا نییە کە ئەمریکا لە قۆناغی ئێستادا پێویستی بە سعودییە و ئیسرائیلە. با ئەوەشی لێ زیاد بکەم کە ستراتیژی ڕاگرتنی پارسەنگی هێز وا دەخوازێ کە ئەگەر هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەمریکا نەتوانن پارسەنگی هێز ڕابگرن، دواجار ئەمریکا بۆ خۆی دەبێ دەستێوەردانی نیزامی بکا بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز. ئەمە ئەو ستراتژییە بوو کە ئەمریکا لە شەڕی کەنداودا جێبەجێی کرد.

بەرفراوانخوازیی ئێران سنوور ناناسێ. ئەگەر وڵاتانی ناوچە نەتوانن پاشەکشە بە ئێران بکەن، لە دوورمەدودادا ئەگەری زۆرە ئەمریکا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە سپای پاسداران و هێزە بەکرێگیراوەکانی ئێران بدا. جیاوازی ئێران لە گەڵ عێراقی سەردەمی حکومەتی بەعەس لەودایە کە زۆرتر بەوەکالەت شەڕ دەکا تاکوو ئەوەی هێزی خۆی بەکاربەرێ.

بۆیە، لە چوارچێوەی ستراتیژی ڕاگرتنی پارسەنگی هێزدا، دەشێ شاهیدی شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بین دژ بە حیزبووڵا و حەشدی شەعبی. هاوکاری سعودیە و ئیسراییل بۆ ئەو مەبەستە زۆر گرنگ دەبێ.