کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبری بۆ سەر ئیمەیلی پارلەمانتارانی بریتانیایی، کاری هەکێرە ئێرانییەکان بووە

15:11 - 23 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی تایمز، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا باس لەوە دەکات، کە ڕێژیمی ئێران هێرشی سایبری کردووەتە سەر ٩ هەزار ئیمەیلی پارلەمانی بریتانیا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی تایمز، ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەر ١٣٩٦ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە، ئیمەیلی دەیان هەزار کەس و هەروەها پارلەمانتارانی بریتانیا لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو هێرشی سایبریان کراوەتە سەر و لەو هێرشەدا ئەو ئیمەیلانەی تێپەڕوشەیان لاواز بووە، بەردەوام هەڕەشەی هێرشیان لەسەر بووە.

پارلەمانی بریتانیا بۆ بەرگیری لە هەک کردنیان بە ناچار ئەو ئیمەیلانەی داخستووە، لەم کردەوەدا سایبرییەدا ئیمەیلی بەشێک لە وەزیران و تێرزا مەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیاش وە بەر ئەو هێرشە کەوتوون.

کارناسان لە یەکەم کاردانەوەدا، وڵاتی ڕووسیەیان بە تاوانبار ناساند، بەڵام پاشان و بە پێی لێکۆڵینەوەکەیان ئاشکرا بوو؛ کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە پشت ئەو هێرشە سایبرییە بووە.

هەتاکوو ئێستە ناوەندی نەتەوەیی ئەمنییەتی سایبری بریتانیا، هیچ کاردانەوەیەکیان لەسەر ئەو هێرشە نەبووە و ڕێژیمی ئێرانیش هیچ ڕادەربڕینێکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

ڕۆژنامەی تایمز ڕایگەیاندووە: هێشتا مەبەستی ئەو هێرشە لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە ئاشکرا نەکراووە.

سەرکۆماری ئامریکا لە نوێترین ڕادەربڕینیدا، ڕێژیمی ئێرانی بە سەرکەش ناو برد و وتی: ئەو ڕێژیمە پشتیوانی سەرەکی تێرۆریزمە؛ هەر بۆیەش سپای تێرۆریستی پاسدارانی خستە لیستی ئابڵۆقە تازەکان و لە ستراتیژی تازەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەربەرەکانی لەگەڵ سپا دەکات.

سپای تێرۆریستی پاسداران بووەتە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی جیهان و هەر ڕۆژەو بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە لە شوێنێک لە ناوچەکەدا کارێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدات.

لە فەرمانی آتش بە اختیاری گەورە تێرۆریستی ڕێژیم خامنەییدا هاتووە، کە ئەرتەشی بە ناو سایبری دەتوانێ هێرش بکاتە سەر هەر شوێنێک کە ئەمنییەتی ڕیژیمی خستووەتە مەترسییەوە؛ هەر بۆیەش ئەو ئەرتەشە بەناو سایبرییە هێرشەکانی خۆی بۆسەر یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا چڕ کردووەتەوە.