کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهید \"شۆڕش مینبەری\" بەرز ڕاگیرا

15:15 - 23 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە ژاوەرۆی هەمیشە دێموکرات یادی لەدایک بوونی شەهیدی هەردەم زیندوو، شۆڕش مینبەرییان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل لە ژاوەرۆی سنە، لە گوندی تەنگیسەری هەمیشە دێموکرات ڕێوڕەسمێکیان بۆ یادی لە دایک بوونی شەهیدی هەرگیز نەمر شۆرش مینبەری بەڕێوە برد.

لەم یادکردنەوەدا ڕێبوارانی ڕێبازی ئازادی وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی جەنگاوەری خۆرەتاو، بەورە چنگ بەگڕەکەی نییەر و ڕێبوارە ڕاستەقینەکەی ڕێبازی شەهیدان، کاک شۆڕش مینبەری پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازەکەی نوێ کردەوە و بەڵێنیان دا تا سەر وەفادار بە ئارمان و ئارمانجەکانی حیزبەکەی شەهید شۆرش بمێننەوە.

ژیان و بەسەرهاتی هاوڕێی سەروەر شۆڕش مینبەری:

هاوڕێی شەهید شۆرش مینبەری کوڕی شەهید عەبدولحەسەن مینبەری لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە ئاوایی نییەری قارەمان پەروەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە چاوی ڕوو بە دنیای ڕوون هەڵێنا.

تەمەنی ٢ ساڵان بوو کە لە ڕەوتی کاولکارییەکانی ڕێژیمی غەداری خومەینی بۆ سەر کوردستان لە نازی باوک بێبەش بوو؛ هەر لەسەرەتای منداڵییەوە لەگەڵ چەمکەکانی وەک شۆڕش و بەرخودان و ئازادیخوازی ئاشنا بوو و فرچی گرت. لە تەمەنی لاوییەتیدا و سەرەڕای سەرقاڵ بوون بە کاروکاسپی و دابین کردنی بژێوی ژیانی شەرافەتمەندانە، بەهۆی ئاشنا بوونی لەگەڵ ڕەوتی شۆرش لە کوردستان و وەک ئەمەگناسییەکی بۆ ڕێبازە پڕشانازییەکی باوکی پیوەندی بە تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتەوە گرت و لە هەر دەرفەتێکی لواو بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتە دژەگەلییەکانی ڕێژیم لە کوردستان کەڵکی وەردەگرت و لاوانی کوردستانی لەگەڵ سیاسەتە بەرحەقەکانی حیزب و مافە پێشێل کراوەکانیان ئاشنا دەکرد. دواتر پاش زەخت و گوشاری بەردەوامی هێزە داپڵۆسینەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر خۆی و بنەماڵەکەی لە ١٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی بە فەرمی دێتە ڕیزی هەڵۆ و تەوارە تیژباڵەکانی دێموکرات و پاش تەواو کردنی سەرکەوتووانەی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە جلی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکات و لە ناوەندی یەکی کوردستان سازمان دەدرێت و بە ڕۆحێکی لێوانلێو لە شۆڕش و ئیمانێکی درزتێنەچوو ئەرکە حیزبییەکانی وە ئەستۆ دەگرێت.

پاش دانانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە شاری سلێمانی نەقڵی کۆمیسیۆنی پیوەندییەکانی حیزب دەکرێت و بەوپەڕی لێوەشاوەیی و دڵسۆزییەوە شان بە شانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لەوێدا درێژە بە خزمەتە بێوچانەکانی دەدات.

لە پاش کۆنگرەی ١٤ی حیزب گەڕایەوە بۆ ناوەندی یەکی کوردستان و لە ساڵی ٨٨یشدا ڕەوانەی دەورەی سیاسی دەکرێت کە توانی ئەم قۆناغەش بە سەرکەوتوویی وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو تێپەڕێنێت و بوو بە بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب لە ناوەندی یەکی کوردستان کە جێ پەنجە و شوێن دەستی هەر دیار و بەرچاوە.

بەهۆی متمانەی زۆری لای هاوسەنگەرانی جگە لە بەرپرسایەتی بەشی تەشکیلاتی ئاشکرا ناوبراو بۆ ماوەی ٢ دەورە وەکوو ئەندامی بەڕێوەەری ناوەند هەڵبژێردرا؛ پاشان وەک کادری بەشی پەروەردەی ناوەند سەرقاڵی پەروەردە کردن و بارهێنانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو و توانی لەم بیاڤەشدا سەرکەوتنی گەلێک گرینگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

هاوڕێ شۆڕش پێشمەرگەیەکی بەنەزم و دیسیپلین، دڵ پڕ لە هیوا، دڵ ئاوەڵا و قسەخۆش بوو؛ خەمیارێکی بەکاوەخۆ و نهێنی پارێزی نهێنیی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بوو؛ کادرێکی هەڵسووڕ و لاوێکی بەئەمەگ بۆ ڕێبازی شەهیدان کە ئەوپەڕی تواناییەکانی خۆی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرک و پێئەسپێردراوە حیزبییەکان دەخستەگەڕ.

دوای ڕاگەیاندنی دەسپێکی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات و گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ شەهید شۆڕش بوو بە یەکێک لەو پێشمەرگە پێشەنگانەی کە ئامادەیی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی نوێ ڕاگەیاند.

بەداخەوە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی کاتێک کە وێڕای هێزێک لە پێشمەرگەکانی حیزب بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبی و نیشتمانییەکان ڕەوانەی نێوخۆی کوردستان کرا لە نیزیک گوندی دووڕووی ناوچەی سەوڵاوا لە بناری شاخی کۆساڵان وێڕای هاوڕێ و دۆستی دێرینی خۆی شەهیدی هەرگیز نەمر شاخەوان مینبەری کەوتە بەر پەلاماری دژی گەلییەکانی ڕێژیم و تێکەڵ بە کاروانی پڕسەروەری شەهیدان بوو.