کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسداری تێرۆریست ڕەجەبی هێرشی کردە سەر نەتەوەی کورد

15:33 - 23 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: محەممەد حوسێن ڕەجەبی پاسداری تێرۆریست وێڕای بێ‌ئەدەبی و قسەی ناڕاست هێرشی کردە سەر کوردستان و ڕێبەرانی کورد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا، لەگەڵ فەرماندەی سپای پارێزگای سنە پاسداری تێرۆریست ڕەجەبی بڵاویان کردووەتەوە، کە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هیچ بایەخێکی نییە و شادی و خۆشحاڵی خەڵک لە ڕووی هەست و دوور لە عەقڵانییەت بوو کە قسەکانی بە تێکڕا چەواشە کردنی مێژوو و جوغرافیای کوردستان بووە.

ئەو پاسدارە تێرۆریستە باسی لەوە کردووە، کە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پیلانی دوژمنانە و ئامانجی دیکەی پێ دەپێکن.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، شادی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕووی هەست و بە دوور لە عەقڵانییەت بووە و خەڵکی کورد لە ئێراندا هۆگرییەکی زۆریان بە حکوومەت هەیە. هەروەها خەڵکی کورد لە شایی و خۆشحاڵییەدا هیچ دروشمێکیان دژی ئێمە نەدا، بەڵکوو هەندێک کەس ڕژانە سەر شەقام و ڕێپێوانیان کرد کە ئەوەیش کۆتایی پێهات.

ئەو پاسدارە تێرۆریستە باسی لەوەش کردووە، کە کەمتر لە ١٠ هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەوەش دەرخەری عەقڵ و تێگەیشتوویی ئەو کەسانەیە کە نەهاتنە سەر شەقامەکان.

هەروەها ئەو فەرماندەیەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کێشانی سنوور لە لایەن داگیرکەری پیر کێشەی لە ناوچەکەدا خولقاندووە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە چەند تایفەیەک لە کوردی ئێران و چەند تایفەیەک لە کوردی عێراق لێک دابڕان و ئێستاش ئەگەر ڕووداوێک لە هەرێمی کوردستان ڕوو بدا دەبێ لەوان پرسیار بکرێت.

ڕەجەبی لە بەشێک لەو قسە بێ‌بنەمایانەی خۆیدا وتوویەتی: کاتێک ئێمە لەگەڵ کوردەکانی ئێرە کە لەگەڵ کوردەکانی عێراق پێوەندییان هەیە، لە بارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی پرسیار دەکەین، باس لەوە دەکەن کە خەڵکی کوردستانی باشوور هیچ حەز و مەیلیان نییە و ئەوەش تەنیا پڕۆپاگەندەی میدیاییە.

ناوبراو لە بارەی ڕێفراندۆم باسی لەوە کردووە، لەسەدا ٤٠ی خەڵکی سلێمانی لە ڕێفراندۆمدا بەشداریان کردووە و لە هەڵەبجە ڕێژەی بەشداریان زۆر کەم بووە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گزەیان کردووە.

ئەو پاسدارە تێرۆریستە، هەروەها هێرشی کردووەتە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بە مسئولان کوەنشین اقلیم کردستان وەسفی کردوون کە سەرقاڵی ماڵ و سامان کۆ کردنەوەن.

هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە ڕێفراندۆم پیلانی ئیسرائیل بووە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان مەئمووری ئیسرائیلن و ئێمەش بۆ ئەمنییەتی وڵاتەکەمان هەموو ئامادەکارییەک دەکەین.

قسە و بیروڕای ئەو پاسدارە تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێک دایە، کە بە شاهیدی خودی چاوەدێرانی بیانی و کەسایەتییە بیانییەکان ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان یەکێک لەخاوێنترین ڕێفراندۆمەکان بووە.

ناوبراو سەرەڕای بێ‌ئەدەبی و هێرش کردن بۆ سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بێڕێزی بە ڕێبەرانی کورد، درۆ و قسەی ناڕاستی وەپاڵ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات داوە، چونکە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە کاتی شایی بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دروشمی نەتەوەیی و حیزبیان بەرز کردەوە و تەنانەت وێنەی پێشەوا قازی محەممەد و ئاڵای کوردستانیان لە شەقامەکان بەرز کردەوە.

ئەو پاسدارەی ڕێژیم دەبێت بە جێگای چەواشەکاریی مێژوو و جوغرافیای ناوچەکە و کوردستان، بیر لە فرۆشتن و بە کرێدانی خاکی خۆیان بە بیانییەکان لە مێژوودا بکاتەوە.

کاتێک میدیاکانی ڕێژیمی ئیران، بە فەرمی و ڕاشکاوانە جنێو و قسەی دوور لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئەدەبی مرۆڤانە بەتایبەت دژ بە کورد بەکار دێنن، دوور نییە کە مۆرەیەکی نیزامیی ڕێژیم هەموو قسەیەک بکات.