کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی تارانەوە دۆخی کەرکووک ئاڵۆز بووە

14:30 - 24 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش ڕەدکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسی و بژاردەی سەربازی لەلایەن یەکیەتی و پارتییەوە حەشدی شەعبی سەر بە ئێران پەلاماری گەڕەکە کوردنشینەکانی خورماتووی دا.

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، كاوە مەلا پەروێز ڕایگەیاندووە: بەهۆی پاشەكشەی هەندێ‌ لە هێزەكانی پێشمەرگە حەشدی شەعبی چووەتە نێو گەڕەكە كوردنشینەكانی خورماتوو.

بەپێی دوایین هەواڵەکان دوای چەندین رۆژ هەڕەشە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی رەزبەر حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کەرکووک و خورماتوو لە چەندین بەرەوە هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە کە لە ئەنجامدا ١٢ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و ٧ ئۆتۆمبێلی ئەو چەکدارانەش تەقێندراونەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی کەرکووک و خورماتووش، هەڵگورد حیکمەت، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لە شاری هەولێر لەگەڵ هاوپەیمانان لە کۆبوونەوەدان؛ وتیشی: بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە هێزی زیاتر ڕەوانەی ئەم ناوچانە دەکرێت.

هەر لەمبارەوە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە دەور و نەخشی ڕێژیمی تاران لە ئالۆزییەکان کرد و ڕایگەیاند: کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، بە ئاراستەی شارۆچکەی تازەخورماتوو لە باشووری کەرکووک بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی بنکەی سەربازی فەوجی یەکی پێشمەرگە و کێڵگە نەوتییەکان پێشڕەوییان کردووە.

چەند شەو پێش ئێستا وتەبێژی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: ئامانجی ئێمە لە چوون بۆ کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەستاندنەوەی ئەم ناوچانە لە دەستی هێزی پێشمەرگەیە نەک هەڵوەشاندنەوەی گشت‌پرسی.

پەلاماردانی شاری کەرکووک و دەوروبەری لەلایەن دوژمنانی کوردەوە هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی ئاساییشی بەدواوە بووە؛ بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان سەدان کەس لە هاووڵاتییانی باشوری کوردستان بەشێوەی خۆبەخش لە شارەکانی کوردستانەوە خۆیان گەیاندۆتە بەرەکانی شەڕ بۆ داکۆکی کردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

هەروەها دەیان چەکداری سەر بە حەشی سپای پاسداران لە ناوچەی خورماتوو کەوتوونەتە نێو گەمارۆی هێزەکانی پێشمەرگە.