کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ پاسداری تێروریست له سووریە کوژران

14:51 - 24 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: سێ پاسداری دیکە لە چەکدارە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە بۆ پاڵپشتی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شەڕی‌ سووریەدا بەشدارییان کردبوو، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەو وڵاتەدا کوژران.

بەپێی هەواڵەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، سێ پاسداری تێرۆریست سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران.

عەبدوڵڵا خوسرەوی خەڵکی ئەراک شوناسی یەکێک لەو کوژراوانەیە کە پلەی سەربازییەکەی بەرپرسی گوردانی فاتحین بووە.

هەروەها دوو پاسداری دیکەی ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی جاوید حوسێنی و ئەمیرخان هاشمی کوژراون.

لە سەرەتای شەڕی سووریەوە تا ئێستا، بە سەدان پاسدار لەژێر ناوی جۆراوجۆردا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەیدا لەو وڵاتە کوژراون و ڕێژیمی ئێران ناوە ناوە ناوی پاسدار و فەرماندە و ئەفسەرە باڵا کوژراوەکانی بە فەرمی بڵاو کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا هەموو هەوڵێک دەدات و یەکێک لەو هەوڵانە، شەڕ کردنە لە سووریە و لەو پێوەندییەدا بە لێشاو پاسداریان لێ کوژراوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیمی بەدوای خۆیدا هێناوە .