کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی ئامریکا لە هێزە دێموکراسیخوازەکان بۆ گۆڕێنی رێژیم ئێران

15:14 - 24 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە لە ستراتژی نوێی ئامریکادا، کە دانڵد ترامپ باسی کردووە، پشتیوانی لە هێزە دێموکراسیخوازەکان دەکەن بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران.

رکس تەیلرسون، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژیکدا لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێن وتویەتی: ستراتێژیی نوێی ئامریکا نەتەنیا رووبەرووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکییە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێرانیش.

دانڵد ترامپ لە پرێس کونفرانسی ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٢١ رەزبەری ١٣٩٦، ڕایگەیاند کە ئامریکا ستراتژییەکی نوێی گرتووەتە بەر لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران و چالاکیە ناوکییەکانی کە ئەمە دژکردەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە.

لەم وتووێژەدا تیلرسون ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە تێدەکوشین پشتیوانی لە دەنگی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و دێموکراسی بکەین و هیوادارین کونتروڵی حکومەت بە دەستەوە بگرن، هەروەها ئاماژەی کردووە کە ئەمە کۆتایی گەمەکە نییە و ئەمە یارییەکی درێژخایەنە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران بۆ خۆدەربازکردنی لە ژێر ئەم گوشارانە، هەوڵ دەدات سیاسەتە نامرۆڤانەکانی خۆی لە سێبەری خەڵکدا بشارێتەوە و خەڵک بە گژی ئامریکا بدات.

تیلرسون باسی لەوە کردووە کە لەسەر داواکاری ترامپ، ستراتژییەکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی درێژخایەن لە گەڵ ڕێژیمی ئێران و بۆ چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکانی ڕێککەوتنی ناوکی، دارێژراوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا پاڵپشتی خۆی لەم ستراتێژییە نوێیە ڕاگەیاند و وتوویەتی لە هەوڵداین ڕووبەڕووی زێدەخوازی و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و بە دژی هاوپەیمانەکانمان و پاراستنی ئەمنیەتی ئامریکا بین.

تیلرسون لە وتەکانیدا ئاماژەی بە پشتیوانی تاران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و چەکدارانی حەوسی و پاڵپشتی لە ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە کردووە و هەروەها ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکە بە ئاژاوەگێرو گارانتی مانەوەی گرووپە تێروریستیەکانی لە ناوچەکە زانیوە.