کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی ڕێژیمی ئێران و کورەی باکوور لە سەر هاوکاریی بە دژی ئامریکا

15:31 - 25 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ کورەی باکوور بە دژی ئامریکا پەرە پێ دەدات.

جێگری پارلمانی کورەی باکوور داوای لە ئێران کردووە، کە هاوکاریی چڕوپڕیان بە دژی ئامریکا هەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدرەیی تاس، ئاندانگ چوون، جێگری پارلەمانی کورەی باکوور، لە ١٣٧ـەمین دانیشتنی یەکیەتیی نێو پارلەمانی لە ڕووسیە، دانیشتنێکی لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران هەبووە و لە سەر هاوکاریی بە دژی ئامریکا وتووێژیان کردووە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانڵد ترامپ لە کۆنفڕانسێکدا کە لە سەر ئێران بەڕێوە چوو، ئاماژەی بە هاوکاریی نیزامیی و پەیوەندی ڕێژیم ئێران و کورەی باکوور لە سەر تکنولۆژی ناوکیی قسەی کردبوو.

هەروەها کۆمەڵگای جیهانی باسی لە ئەگەری ئەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران زانیاریی ناوکیی لە کورەی باکوور وەر دەگرێت و هاوکاریی ڕاستەوخۆیان هەیە.

ئاندانگ چوون، لەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ عەلی لاریجانی خۆشحالی خۆی لە هەمبەر قسەکانی لاریجانی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، کە بە دژی ئامریکا ئیرادەی پۆڵاینمان هەیە.

هەروەها زیادی کردووە، کە ماوەیەکی زۆرە کە ڕێژیمی ئێران و کورەی باکوور بۆ دژایەتی لەگەڵ ئامریکا تێدەکۆشین و کاتی ئەوە هاتووە کە دەست لە ناو دەستی یەک بە دژی بێ‌عەداڵەتی. ڕاوەستین
دوای قسەکانی ترامپ و داڕشتنی سیاسەتی نۆیی بۆ سنووردار کردنی ئێران و پێشگرتن لە پێشەوە چوونی بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیم ئێران، ململانێی و دژایەتییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئامریکا زۆرتر بووەتەوە.