کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری ڕەقە لە لایەن هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک ئازاد کرا

14:31 - 26 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش چەندین مانگ شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک و گرووپی تێرۆریستیی داعش شاری ڕەقە بە تەواوەتی لە دەستی داعش ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی فەرانسە، وتەبێژێکی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ئازاد کرانی تەواوی شاری ڕەقەی ڕاگەیاند.

تەلال سلۆ، وتەبێژی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (psd) ڕایگەیاندووە: ئۆپراسیۆنی ئازادکرانی شاری ڕەقە کۆتایی پێ هاتووە و ڕەقە بە تەواوەتی لە کونتڕۆڵی هێزەکانی ئێمە دایە.

هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک کە لە شەڕڤانانی کورد و عەرەب پێک هاتووە، لە لایەن هاوپەیمانان و بەتایبەت ئامریکا پشتیوانیی دەکرێن.

شاری ڕەقە کە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە لەژێر کونتڕۆڵی هێزەکانی داعشدا بووە و پاش داگیر کردنی ئەم شارە و شاری مووسڵ، داعش بەهێزتر بوو و خەلافەتی خۆی لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند.

ئاڵۆزی و شەڕی نێوخۆیی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە، پاش ئەوەی خەڵکی سووریە بە شێوەیەکی مەدەنییانە ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان بە دژی بەشار ئەسەد ئەنجام دا، سەری هەڵدا و بە دەستێوەردانەکانی ئێران و ڕووسیە و هێزە توندئاژۆوە مەزهەبییەکان بۆ قۆناغی شەڕ و توندوتیژی گۆڕدرا، کە هەتا ئێستە قوربانی بوونی ٣٣٠ هەزار کەس لە خەڵکی بێ‌تاوانی سووریەی لێ کەوتووەتەوە.