کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانەکانی خامنەیی لە هەڵبژاردنی وەزیرەکان

20:29 - 26 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە خامنەیی تا ئیستە ١٠ وەزیری پیشنیارکراوی بۆ وزارەتی زانست رەت کردووتەوە.

مەحموود سادقی، نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس، لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە: کە ڕۆحانی ١٠ کەسی بۆ وەزیری زانست پیشنیار کردووە، کە هیچیان لە لایەن خامنەییەوە پەسەند نەکراون.

لە لایەکی دیکەشەوە مەجلیس گۆشاری خستووەتە سەر ڕۆحانی سەروکۆماری ڕێژیم، کە دەبێ بە زووترین کات وەزیرەکان دیاری بکات و چاوەڕێ بڕیاری کەس نەبێت.

بەپێی یاسای ڕێژیمی ئێران تەنیا شوێنێک کە دەتوانێ لە سەر هەڵبژاردنی وەزیر بڕیار بدات، مەجلیسە و پێشنیار کردن لە لایەن سەرکۆمار دەبێت و لە کۆتاییدا مەجلیس دەبێ پەسەندی بکات.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە هەموو دامەزراوە و ئیدارە و بنکە سەربازییەکان، لە لایەن بەیتی ڕێبەری و خامنەیی کونتڕۆڵ دەکرێن و خامنەیی بەبێ گرنگی دان بە یاسا، تاک لایەنە لەسەر بەڕێوە چوونی کاروباری ڕێژیم بڕیار دەدات.

بە گشتی زۆربەی بەرپرسان و ئیدارەکان بە شێوەی دێکوری دانراون و بە هیچ شێوەیەک توانای بڕیاردانیان نییە و لە لایەن خامنەییەوە بەرنامەیان بۆ دەنێردرێت و خامنەیی بە مەیلی خۆی لە کاروباریان دەستێوەردان دەکات.

دوو مانگ بەر لە ئێستە، دەفتەری خامنەیی ڕاگەیندراوێکی لە سەر دیاری کردنی وەزیرەکان لە لایەن خامنەییەوە بڵاو کردبوو، لەو ڕاگەیەندراوە نکۆڵی لەوە کرابوو، کە خامنەیی وەزیر دیاری دەکات و تەنیا وەزیرەکانی بەرگری و وەزیری دەرەوە و وەزیری ئیتلاعات لە لایەن خامنەییەوە دیاری دەکرێن و لە درێژەی ڕاگەیندراوەکەیشدا هاتووە، کە خامنەیی لەسەر وەزارەتی زانست، پەروەردە و ئیرشاد هەستیارە.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆحانی هیچ سەربەخویی بڕیاری نییە و بەر لەوەی کە وەزیرەکان بە مەجلیس پێشنیار بکات، بە هاوئاهەنگی خامنەییەوە وەزیر دیاری دەکرێت و دواتر لە مەجلیس لە سەری بڕیار دەدەن، لە مەجلیسیش کە نوێنەری خەڵکی تێدا نییە و هەموویان نوێنەری ڕێژیمن، ناتوانن بڕیاری ڕێبەری بشکێنن.

بە گشتی لە ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران خەڵک گرنگ نییە، لە نێو ئەو سیستمەدا ڕێبەر بڕیاری کۆتایی دەدات و هیچ کارێک بەبێ هاوئاهەنگی خامنەیی لە ئێراندا جێبەجێ ناکرێت.