کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠%ی خەڵکی ئێران لەباری دەروونییەوە شێواون

14:09 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: نوێترین لێکۆڵینەوەکان لە ئێراندا دەریان خستووە کە لانیکەم ٥٠%ی ژنان و پیاوانی ئێران لە باری دەروونییەوە شێواون و تێک‌چوون.

لە کۆنفڕانسی ٤ ڕۆژەی پەرەسەندنی ڕۆژانەی نەخۆشییە دەروونییەکان و ڕێکارەکانی بەربەرەکانێ لەگەڵی ئاشکرا بوو کە لە کۆی ئەو باس و بابەتانەی کە پسپۆڕانی ئەم بوارە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە ٢٧%ی ژنان و ٢٣%ی پیاوان تووشی شپڕێوی و شپرزەیی لەباری دەروونییەوە بوون.

دوکتور ئارش میراب‌زادە سەرۆکی کۆڕی زانستی ئەنجومەنی دەروون‌ناسەکانی ئێران لەمبارەوە وتوویەتی: لەم کۆنفڕانسەدا ١٢٧ لێکۆڵینەوە لە وڵاتەکانی ئامریکا، ئیتالیا و ئێران بەشدار بوون و باسیان لە هۆکارەکانی پەرەسەندن و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی کیشە دەروونییەکان کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەحمەد حاجێبی سەرۆکی گشتیی نووسینگەی سڵامەتی دەروونی سەر بە وەزارەتی بێهداشت وتوویەتی: ئەگەرچی هیچ ئامارێکی درووست لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژەی ئازارە جنسییەکان و سترێس و گوشارە دەروونییەکان لە شوێنی کارکردنەکان بوونی نییە بەڵام بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە ٦/٢٣%ی خەڵک تووشی کێشە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و ترس و هەست بە نەبوونی ئەمنیەت دەکەن.

ناوبراو وتوویەتی: ٦٧%ی خەڵکی ئێران تووشی کێشە دەرونییەکان بوون.

پێشتر وەزارەتی ساغلەمەنی ڕایگەیاندبوو: نیزیک بە ٤٠%ی حەشیمەتی ١٥ تاکوو ٦٤ ساڵی ئێران هەڵگری کێشەیەکی دەروونین و پیویستیان بە سەردان کردنی پزیشکی تایبەت هەیە.