کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد نەزەری: چونکە بێکەسم بەتەنیا جێم مەهێڵن

15:00 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کوردی دەسبەسەرکراو لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، پاش ٨١ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، نامەیەکی بڵاو کردەوە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان، محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد لە نامەیەکدا ڕایگەیاندووە هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکانی جێبەجێ دەبێت پێداگری لە سەر مانگرتنەکەی لە خواردن دەکات.

دەقی ئەم نامە بەم چەشنەیە:

بێکەسترین زیندانیی ئەم شارەم! شارێک کە ئاوێتە بە ناوی زیندانەکەی بووە، بەداخ و سەرسووڕمانەوە ٨١ ڕۆژ لە مانگرتنم تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ گوێیەک بیستراو و دەستێکی یارمەتیدەر بۆ من بە دی ناکرێت.

من محەممەد نەزەریم، ٢٤ ساڵە لە پشت دیوارەکانی زیندان لە شاری مەهاباد هەتا ورمێ و زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج و هەر ڕۆژ بێکەستر و تەنیاتر لە جارانم، باوک و دایک و براکەم ڕەوانەی گۆڕستانی شاری بۆکان کران و جگە لە ئێوەی خەڵک، کەسێکی دیکەم نییە، ٨١ ڕۆژە لە مانگرتنم لە خواردن دەگوزەرێ، مانگرتنێک بۆ داواکارییەکی سادە، داواکاری من نە ئازادییە و نە هاتن بۆ مورخەسییە، بەڵکوو بەڕێوەچوونی یاسایە، یاسایەک کە بە بەڕێوەچوونی دەبوو چوار ساڵ و نیو پێش ئیستا ئازاد دەبووم، بەڵام دەستە نادیارەکانی دەسەڵات و ئەمنییەت لە بەڕێوەبردنی ئەم یاسا (ماددەکانی١٠و٩٩و١٢٠و٧٢٨ لە یاسای سزای نوێی ئیسلامی) بۆ من بوونەتە لەمپەر، ئێستا پاش ٢٤ ساڵ لە زیندان لە کاتی تەنیایی و بێکەسیدا هیچ ڕێگایەکی دیکە بێجگە لە مانگرتنم بۆ نەماوەتەوە.

لە کوێن خەڵکینە؟

لەبەر بێکەسییەکەم بەتەنیا جێم مەهێلن، جیاوازی من و ئارش سادقی کە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ برسیەتی ئەزموون کرد چییە؟ جیا لەوەیکە ئەو باوک و هاوسەر و ئیوەی لەگەڵە، بەڵام من هیچ کەسێکم نییە، باوک و دایک و براکەم چەندین ساڵە لە گۆرستانی بۆکان نووستوون و منیش تەنیا دەستی یارمەتیدەرێک کە بیناسم ئێوەن کە جێگەی هیوا و پالپشتی منن.

یارمەتیم بدەن، یارمەتیم بدەن تاکوو دەنگم ببیسترێ کە لە ئێستادا جگە لە مەرگ بۆ ڕزگاربوون لە ئازاری زیندان و مانگرتن هیچ شتێکی دیکە شک نابەم.

یارمەتیم بدەن بۆ گەیشتن بە مافی یاسایی ئازادی کە لە منیان زەوت کردووە، ئەگەر جگە لەمە بێت درێژە بە مانگرتنەکەم دەدەم تاکوو بە مردن بگەمە گۆرستانی بۆکان کە جگە لەوێ هیچ کەسیکی ترم نییە.

محەممەد نەزەری
چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەر
زیندانی ڕەجایی شار