کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بووەتە گۆڕەپانی تەڕاتێنی تێرۆریستان

15:04 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ١٦٠ تێرۆریستی مەحکووم و هەڵاتوو بە دەست دادگاکانی بەحرەین لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داڵدە دراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، وەزیری وڵاتی بەحرەین، شێخ ڕاشدبن‌عەبدوڵڵا ئالی‌خەلیفە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسات وتی: ١٦٠ تاوانباری هەڵاتوو و مەحکووم بە کردەوەی تێرۆریستیی کە مافی هاووڵاتی بوونیان لێ زەوت کراوە ئێستە لە ئێران دەژین.

شێخ ڕاشد، قسەی لەسەر کردەوەی ئەو تێرۆریستانە کرد و وتی: کردەوەی ئەو کەسانە بووەتە هۆی کوژرانی ٢٥ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان و بریندار بوونی ٣ هەزار کەسی دیکە.

وەزیری بەحرەین ئەوەشی زیاد کرد، کە هاوئاهەنگییەکی تەواو لە نێوان سپای پاسداران و کردەوە تێرۆرستییەکان لە خاکی بەحرەین هەیە.

هەروەها ناوبرا وتی: بەپێی زانیارییەکان و دانپێنانی ئەو کەسانەی، کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوانە هەن، سپای پاسداران کەسانی ٢٠ تا ٤٠ ساڵەی بۆ ساز کردنی بۆمبی دەستی لە بنکە نیزامییەکانی خوی پەروەردە کردووە و ڕێگای قاچاغی بۆ کردوونەتەوە تا بتوانن وڵاتی بەحرەین و عەرەبستان بخەنە مەترسییەوە و ئاسایشی ئەو وڵاتانە تێک بدەن.

ڕاشدبن‌عەبدوڵڵا ئالی‌خەلیفە وتیشی: ئەو مادەیەی کە بۆ تەقینەوە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێ کرابوو و دەستی بەسەر داگیراوە ٢٤ کیلۆ بووە.

وەزیری بەحرێن ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئێران بۆ پەرە پێدانی ئاڵۆزی لە بەحرەین و ناوچەکە لە ڕێگای ساز کردنی هەستە و ڕێکخراوگەلێک کە پەروەردە کراون پەرە بە شەڕی فیرقەیی دەدات.

جێگای ئاماژەیە سەرکۆماری ئامریکا لە قسەکانی حەوتووی پێشوویدا لەسەر ستراتیژی نوێی لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو ڕێژیمە ئەندامانی ئەلقاعیدە و کوڕی ئوسامەبن‌لادەنی ڕێگا داوە و حەشاریانی داوە، هەروەها وتی: کە سپای پاسداران گەندەڵترین دامەزراوی ئەو ڕێژیمەیە.

ڕێژیمی ئێران لە جیهان بە سەرەکیترین پاڵپشتی تێرۆر ناسراوە و کردەوە تێرۆریستییەکانی بووەتە هۆی داڕمانی کۆمەڵگای ئێران و خەڵکی ئێرانی تووشی ئابڵۆقە کردووە، جێگای ئاماژەیە کە ناوە بە ناوە مۆرە بەدناوەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نێوخۆی ئێران لە لایەن خەڵکەوە دەکوژرێن، کەچی ڕیژیمی ئێران بە بێ‌شەرمییەوە دەڵێت، سپا خۆشەویسترین دامەزراوەی ئێرانییە.