کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی نەدانی پووڵی ئاو و کارەبا لە لایەن وزارەتی پەروەردەوە، ئاو و کارەبای قوتابخانەکان دەبڕدرێت

20:05 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: گرنگی نەدان بە بەشی پەروەردە لە لایەن ڕێژیمی ئێران و کەمی بوودجەی وزارەتی پەروەردە، بووەتە هۆی ئەوەی کە قوتابخانەکان توانای دانەوەی قەرزەکانیان بە وزارەتی وزە نەبێت.

فاتمە سەعیدی، نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس، باسی لە قەرزداری دەیان میلیاردی وزارەتی پەروەردە بە وزارەتی وزەی کردووە و ڕایگەیاندووە: قوتابخانەکانی ئێران سەرانەی باش وەر ناگرن و ناتوانن تێچووی ئاو و کارەبا و گاز بدەن.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە وزارەتی وزە لە هەمبەر نەدانی قەرزەکان لە لایەن قوتابخانەکانەوە، ئاو و کارەبای هێندێک لە قوتابخانەکانی بڕیوە.

فاتمە سەعیدی، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە قوتابخانەکانی سەرانسەری ئێران لەگەڵ کێشەی کەمی بوودجە بەرەوڕوون و ئەو بوودجە کەمەش لە کاتی خۆی نادرێت و زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکانی ئێران قەرزدارن.

ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک بە پەروەردە گرنگی نادات و بە پێچەوانەش تێدەکۆشێ کە لە بەرانبەری پەروەردەی مەزهەبی کە لە چوارچێوەی سیاسەتی نامرۆڤانەی خۆیەتی، لاوازی بکات، ڕێژیمی ئێران بوودجەیەکی یەکجار زۆر دەدات بەو دامەزراوانە کە پڕوپاگاندەیی دینی دەکەن و بانگەشەکەری دینی پەروەردە دەکەن.

هەتا ئیستە ڕووی نەداوە کە حوزەی علمیەیەک لە گەڵ کەمی بوودجە بەرەوڕوو بێت و یان ئەو ڕیکخراوانە کە وانەی دینی دەڵێنەوە قەرزدار بن و مزگەوتەکان بێ بەرامبەر ئاو و کارەبا و گاز وەر دەگرن.

بە وتەی فاتمە سەعیدی، ٩٨ لەسەدی بوودجەی وزارەتی پەروەردە، بۆ مووچەی فەرمانبەران بەکار دەهێنرێت.

ئەم ئامارە ئاشکرای دەکات، کە ڕێژیمی ئێران، هیچ بوودجەیەک بۆ خزمەتگوزاری بە قوتابیان دابین ناکات و بارودۆخی قوتابخانەکان بە ڕوونی دەبینین، کە لە زۆر ناوچەی ئێران لە نێو ڕەشماڵ و کانکس درێژە بە خوێندن دەدەن و تەنانەت لە زۆر ناوچەش قوتابخانە نییە.

لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ڕێژیم دروشمی ئەوە دەدەن، کە خوێندن لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا بێ‌بەرامبەرە، بەڵام دەبینین هەر لە ڕۆژی یەکەم ناونووسینی قوتابییەکان، لە بنەماڵەی قوتابیان پووڵ وەر دەگرن و هەتا کۆتایی ساڵی خوێندن چەندین جار بنەماڵەکان دەبێ پووڵ بە قوتابخانەکان بدەن.