کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگیر کردنی حەشدی شەعبی لە پادگانەکانی پیرانشار بۆ ڕاهێنانی شەڕی نیزامیی

20:08 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شارەکانی نەغەدە و پیرانشار جێگیر کراون بۆ ڕاهێنانی شەڕ لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئیسلامیی بە مەبەستی درێژەدانی شەڕ لە گەڵ هەرێمی کوردستان، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پادگانەکانی پیرانشار جێگیر کردووە و خەریکی ڕاهێنانی نیزامین بەو هێزە چەکدارانەی عێراق.

هەواڵنێری کوردستان میدیا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند: بەرپرسی پادگانی شاری پیرانشار هێزەکانی حەشدی شەعبی بردووەتە نێو پادگانی ئەو شارە و خەریکە ڕاهێنان بەو هێزە دەکات بۆ شەڕ کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا خستەڕوو، ئەو هەواڵە لە زاری یەکێک لە جاشەکانی ڕێژیمەوە درکێندراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی پادگانی شاری پیرانشار خەریکن بە چەکی قورس هێزەکانی حەشدی شەعبی تەیار دەکەن و ڕاهێنانیان پێدەکەن.

لە حەوتووی ڕابردوودا، مانوڕێکی نیزامیی هاوبەش لە نێوان سپای پاسدران و حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناو شارەکانی پیرانشار و نەغەدە جێگیر کرابوون.